سەردێڕ:

ئەمریکا: پێکدادانەکانی ئیدلب هەڕەشە لە ئاشتی و ئارامی نێودەوڵەتی دەکات

فۆتۆ: 
2019-05-30

1025 جار خوێندراوەتەوە

نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ئەگەر بەڵگەی روون و ئاشکرا بدۆزنەوە دەربارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن سوریاوە بەرامبەر بە خەڵکەکەی، وڵاتەکەى هەنگاوی پێویست دەگرێتەبەر.

جێمس جێفری نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەکرد، پێکدادانەکانی ئیدلب هەڕەشە لە ئاشتی و ئارامی نێودەوڵەتی دەکات، بۆیە پێویستە لێکتێگەیشتنی ئیدلب و ئاگربەست جێبەجێ بکرێت.
ڕاشیگەیاند، لەبارەی ئاگربەستی ئیدلب و پێکهێنانی لیژنەی نووسینەوەی دەستوورى نوێ بۆ سوریا هیچ هەنگاوێکیان نەناوە.
وتیشی، ئەوان زۆر نیگەرانن لە بوونی ئێران لە سوریا و هەڕەشەکانی لەبەرامبەر هاوپەیمانەکانی ناوچەکەیان.
جێفری ڕاشیگەیاندووە، ئەو پێنج وڵاتەی بۆ ئاسایشی خۆیان لە سوریا ئۆپراسیۆنی سەربازیی دەکەن، مەترسی ئەوە هەیە پێکدادانی سەربازی ڕووبدات لە نێوان هێزەکانیاندا.

هاوکات نوێنەرى نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ کاروبارى سوریا ئاماژەی بە مەترسیداریی دۆخی کەسانی سیڤیل کرد لە ئیدلب و ڕایگەیاند، لە ئێستادا زۆربەی ئیدلب بەدەست هێزەکانی سەر بە تەحریری شامەوەیە و بۆیە دەبێت پێکدادانەکان کۆتاییان پێبهێنرێت.
گەیر پیدرسن وتیشی، بەرپرسانی تورکیا و رووسیا پێیان ڕاگەیاندوون کە لەگەڵ ئاگربەستدان و کاریش دەکەن بۆ ڕاگرتنى جەنگ لەو ناوچانەدا.