سەردێڕ:

ڕۆیتەرز: ئەمریکا چەکدارە بیانییەکانی داعشی لە سوریاوە گواستووەتەوە بۆ عێراق

فۆتۆ: 
2019-05-29

2195 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ئاشکرایکرد، پرۆسەیەک بۆ گواستنەوە چەکدارە دەستگیرکراوەکانی داعش لە سوریاوە بۆ ناوخۆیی عێراق بەڕێوەدەچێت.

ئاژانسەکە جەختیکردووەتەوە، بە پێی ئەو چاوپێکەوتنانە کە لەگەل ژمارەیەک زیندانی و سەرچاوە عێراقییەکان و دەستکەوتنی چەند بەڵگەنامەیەکی دەزگای دادوەریی عێراق، ئاشکرابووە و چەسپاوە کە هێزەکانی ئەمریکا بە نهێنی نزیکەی ٣٠ چەکداری بیانی دەستگیرکراوی داعشیان لە سوریاوە گواستووەتەوە بۆ عێراق، بە مەبەستی دادگاییکردنیان.

پرۆسەی گواستنەوەی ئەو چەکدارانە لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٧ و سەرەتای ساڵی ٢٠١٨دا بووە و دادگاکانی عێراق سێ کەس لەو چەکدارانەیان تۆمەتبار کردبوو و دواتر لە سێدارەدراون و پێنج کەسی دیکەیان سزای زیندانی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێنراوە.

بە گوێرەی ئەو بەڵگەنامانەی دەست ئاژانسەکە کەوتووە، ئەو کەسانە لە لایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە دەستگیر کراون و دواتر ڕادەستی دەسەڵاتدارانی عێراق کراون.

سەرکردایەتی ناوەندیی سوپای ئەمریکا کە سەرپەرشتی هێزەکانی ئەمریکا دەکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، تا ئێستا هیچ لێدوان و ڕوونکردنەوەیەکی نەداوە لەسەر ئەو ڕاپۆرتەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، بەڵام دانی ناوە بەو گیروگرفتانەی کە بەهۆی دەستگیرکردن و هێشتنەوەی ئەو کەسانە ڕووبەڕوویان بووەتەوە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسەکە ئەو چەکدارانەی داعش کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە دەستگیر کراون، لە لایەن ئەوان و سوپای ئەمریکاشەوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە سەبارەت بە رۆڵیان لە ناو ڕێکخراوەکەدا.

باسیان لەوەشکردووە، زۆربەی کات لە زیندانی تاکەکەسیدا بوون لە گرتوخانەکانی سوپای ئەمریکا و هەرێمی کوردستان یان ئوردن، تا ئەو کاتەی گواستراونەتەوە بۆ گرتووخانەکانی عێراق.

سەبارەت بە سەرنجی هێزەکانی سوریای دیموکراتی، تا ئێستاش  ئەو هێزانە هیچ قسەیەکیان دەربارەی ئەو بابەتە نەکردووە، جگە لەوەی ڕایانگەیاندووە کە دەیانەوێت بە چەکدارە داعشە بیانییەکان ڕزگاریان ببێت، چونکە لە بارودۆخێکدا نین کە ڕێگە بە دادگاییکردنیان بدرێت.

لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا هێزەکانی سوریای دیموکرات توانیان دواپێگەی داعش لە باغۆز لە ڕۆژهەڵاتی سوریا لە دەستی چەکدارانی داعش کۆنترۆڵ بکەن، کە سەدان چەکداری داعش و خێزانەکانیان خۆیان دا بە دەستەوە.

ئۆپراسیۆنی کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی سوریا ماوەی شەش مانگی خایاند، کە بە هاوکاریی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەڕێوەچوو.

ع.م