سەردێڕ:

عێراق زیاتر لە ١٨٨ منداڵى داعشی ڕادەستی تورکیا کردەوە

فۆتۆ: 
2019-05-29

1710 جار خوێندراوەتەوە

بە ئامادەبوونی بەرپرسانی هەردوو دەوڵەت و نوێنەری ڕێکخراوى یونیسێفى سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، عێراق زیاتر لە ١٨٨ منداڵی گومانلێکراوى داعشی تورکی ڕادەستی تورکیا کردەوە.

عبدولستار بریقدار وتەبێژى دەسەڵاتى دادوەریی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕاگەیاندووە، ڕادەستکردنەوەکە لە فڕۆکەخانەی بەغدا بووە و نوێنەرانی دادگا لە فڕۆکەخانە ئامادەبوون هەتا منداڵەکان چوونەتە ناو فڕۆکەکەوە کە دەیانباتەوە نیشتیمانی خۆیان.

ئاماژەى بەوەشکردووە، "دادگای لێکۆڵینەوەی ناوەندی کە بەرپرسیارە لە فایلە تیرۆرستییەکان و گومانلێکراوانی بیانی، زیاتر لە ١٨٨ منداڵی بەجێماوی داعشی ڕادەستی تورکیا کردووەتەوە."

ڕوونیشیکردووەتەوە، کە لەناو ئەو منداڵانەدا هەندێکیان "گەیشتوونەتە تەمەنی ١٨ ساڵ" و بەوە تۆمەتبار کراون کە سنورەکانیان بە نایاسایی بڕیوە و حوکمەکەیان تەواو کردووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشتر ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕاپۆرتێکی تایبەتی بڵاوکردەوە لەسەر هەزار و١٠٠ منداڵ کە پاشماوەی داعشن و لە عێراقدا لە لایەن دادگاوە دەستگیر کراون، منداڵە تەمەن زۆر بچوکەکان لە زیندان لەگەڵ دایکیاندا دەمێننەوە تا تەمەنی دیاریکراو، بەڵام بە لایەنی کەمەوە تا ئێستا  حەوت منداڵی داعش بەهۆی نالەباری دۆخیانەوە گیانیان لەدەستداوە.

ئ.ر