سەردێڕ:

فەڕەنسا داواى ڕاگرتنى لە سێدارەدانی شەش هاوڵاتییەکەى لە عێراق دەکات

جان لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا
فۆتۆ: 
2019-05-29

885 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا داوای لە حکومەتی عێراق کرد سزای لەسێدارەدانی شەش هاوڵاتی وڵاتەکە رابگرێت کە پێشتر لە ناو داعش بوون، جەختیشکردووەتەوە فەڕەنسا چەکدارانی داعش و منداڵ و خێزانەکانیان وەرناگرێتەوە.

رۆژی سێشەممە دادگای عێراق بڕیاریدا سزای لە سێدارەدان بەسەر ژمارەیەک چەکداری تری داعش کە هاوڵاتی فەڕەنسین جێبەبکرێت.

کۆمەڵەی فەڕەنسا بۆ قوربانیانی تیرۆر داوای لە حکومەتی وڵاتەکەی کرد، هەوڵی گێڕانەوەی ئەو کەسانە بدات کە بە توندڕەوی تۆمەتبارن و لە وڵاتی خۆیان دادگایی بکرێن، ئاماژەیان بەوەشکردووە، هەفتەی داهاتوو چوار هاوڵاتی بە رەگەز فەڕەنسی سزاکەیان بەسەردا جێبەجێدەکرێت و ١٢ هاوڵاتی تریش لە چاوەڕوانی دیاریکردنی چارەنوسیاندان.

هەوەها جان لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەی رایگەیاند، " دەربارەی ئەو شەش هاوڵاتییەی بڕیاری لە سێدارەدانیان بۆ دەرچووە، بە دەسەڵاتدارانی عێراقمان راگەیاندووە سزای لە سێدارەدان رەتدەکەینەوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێستا ٤٠٠ بۆ ٤٥٠ کەسی بە رەگەز فەڕەنسی لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی هێزە کوردییەکاندا دەستگیرکراون و زیاتر لە ١٠٠ کەسی تریش لە ئێستادا لەناو ریزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا شەڕدەکەن.

هەروەها حکومەتی فەڕەنسا رەتیکردەوە چەکدارانی داعش و خێزانەکانیان وەربگرێتەوە، چونکە ئەو کەسانە بە هەڕەشە لەسەر وڵات دەزانێت و داوای دادگایی کردنیان لە عێراق یان سوریا دەکات.

ماوەی رابردوو بەشێک لە وڵاتانی رۆژئاوا رەزامەندبوون بە گواستنەوەی توندڕەوانی وڵاتەکانیان کە ئێستا لە ژێرکۆنتڕۆڵی هێزە کوردییەکانی سوریادان بگوازرێنەوە بۆ بەغدا و لەوێ دادگایی بکرێن.

کۆمەڵەی فەڕەنسا بۆ قوربانیانی تیرۆر داوای لە حکومەتی وڵاتەکەی کرد، لە بڕیاری گواستنەوەی توندڕەوان بۆ عێراق بکشێتەوە، جەختیشیکردووەتەوە پێویستە پاریس فشار لە دەسەڵاتدارانی بەغدا بکات تاوەکو سزای لەسێدارەدان رابگرێت و سزاکە بۆ زیندانی هەتاهەتایی بگۆڕێت، تا ئەو کاتەی ئەو کەسانە لەبەردەم دەسەڵاتی دادوەری فەڕەنسا دادگایی دەکرێن.

هـ.ع