سەردێڕ:

ئیسرائیل بڕیاریدا لەگەڵ دەوڵەتێکی عەرەبیدا ئاڵوگۆڕی بازرگانی بکات

فۆتۆ: 
2019-05-29

6764 جار خوێندراوەتەوە

ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیلی ئاشکرایکرد، حکومەتی وڵاتەکەی ڕەزامەندی نیشانداوە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بازرگانی لەگەڵ دەوڵەتێکی عەرەبیدا.

ڕۆژنامەی ماعاریفی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، ئیسرائیل ڕەزامەندی نیشانداوە لەسەر مەرسومێک کە  "موشیە کەحلون" وەزیری دارایی ئەو وڵاتە ئیمزای لەسەر کردووە، بۆ ئاڵۆگوڕی بازرگانی لەگەڵ عێراقدا.

ڕۆژنامەکە باسی لە یاسایەک کردووە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی داگیرکردنی بەریتانیا لە ساڵی ١٩٣٩، کە سەرجەم حکومەتەکانی یەک لە دوای یەکەکانی ئیسرائیل پێشتیوانییان لێکردووە و عێراقیان سڕیوەتەوە وەک دەوڵەتێکی دوژمن، کە ئەو کاتە هەریەکە لە لوبنان و سوریا و سعودیە و یەمەن و ئێران بە دەوڵەتانی دوژمن لە قەڵمدرابوون.

لە بەشێکی تری هەواڵی ڕۆژنامەکەدا هاتووە، سەرباری قەدەغەکردنی بازرگانی ئیسرائیل لەگەڵ عێراقدا تا ئێستاش، بەڵام ژمارەیەک لە بەرهەمەکانی ئیسرائیل ڕەوانەی عێراق دەکرێن، بە تایبەت بەرهەمە پزیشکییەکان و کشتوکاڵ و تەنانەت خورماش لە عێراق فرۆشراوە.

بە گوێرەی ڕۆژنامەکە سەرجەم ئەو سەود او بازرگانییانە لەڕێگەی لایەنی سێهەمەوە لە ئوردن و قوبرس کراون.

ڕۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، موشیە کەحلون لە مانگی کانونی دووەمی ٢٠١٩دا ئیمزای لەسەر مەرسومێک کردووە، عێراقی سڕیوەتەوە لە لیستی دەوڵەتی دوژمنانی ئیسرائیل تا مانگی ئازاری ساڵی داهاتوو.

لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەنجومەنی حکوم لە عێراق ، کاتێک هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بوون، چەندین کەسایەتی عێراقی بە نهێنی سەردانی ئیسرائیلیان کردووە و هەندێکیان دوای ئاشکرابوونی سەردانەکەیان هیوایان خواستووە عێراق پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتە دا ئاسایی بکاتەوە.

ع.م