سەردێڕ:

عەبدولمەهدی: بەم نزیکانە سەردانی تاران و واشنتۆن دەکەم

بۆ تاوتوێکردنی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە
عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق
فۆتۆ: ئەرشیف
2019-05-28

859 جار خوێندراوەتەوە

عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکرایکرد، بەم نزیکانە سەردانی هەریەکە لە تاران و واشنتۆن دەکات، بە مەبەستی تاوتوێکردنی دۆخی ناوچەکە.

عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە (٢٨ی ئایاری ٢٠١٩) لە کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی هەفتانەی خۆیدا ئاشکرایکرد، بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ناوچەکە، بەم نزیکانە سەردانی هەریەکە لە تاران و واشنتۆن دەکات.

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەتی عێراق دەستی بە جموجوڵ کردووە بە ئاراستەی ئارامکردنەوە و دوورخستنەوەی عێراق لە کاریگەریی گەمارۆکانی سەر ئێران.

دەربارەی سەردانەکەی محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ لێپرسراوانی ئەو وڵاتەدا، عەبدولمەهدی وتی، "سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران ڕوونیی هەڵوێستەکانی زیاتر دەرخستووە."

دەربارەی گەمارۆکانی سەر ئێرانیش ڕایگەیاند، لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوە کرد، تێڕوانینی خۆیان لەبارەی گەمارۆکانەوە خستووەتەڕوو، بەوەی پێویستە ئەو سزایانە هەڵبگیرێت، چونکە ئەگەر بارودۆخەکە بەو شێوەیە بەردەوام بێت، دەگەنە دۆخێکی ئاڵۆزتر و زیانی بۆ هەموو لایەک دەبێت.

لە بەشێکی تری وتەکانی عەبدولمەهدی ئاماژەی بەوە کرد، لێدوانەکانی ئەم دواییەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بە ئاراستەی ئارامکردنەوەدا بووە.

ئەو سەردانە چاوەڕوانکراوەی عەبدولمەهدی بۆ تاران و واشنتۆن لەکاتێکدایە، ماوەیەکە ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا پەرەسەندنی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە و هەردوولا لێدوانی توندیان لە بەرامبەر یەک ڕاگەیاندووە.

دوێنێش دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەمیانی سەردانەکەی بۆ ژاپۆن دەربارەی ناکۆکییەکانی نێوان وڵاتەکەی و ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەی هەوڵی گۆڕینی سیستمی دەسەڵاتی ئێران نادات، بەڵکو دەیەوێت ڕێگریی لێ بکات کە ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێران خاوەنی توانایەکی ئابوریی زەبەلاحە، بەنیازین ڕێگەی پێبدەین بگەڕێتەوە بۆ قۆناغێک کە بتوانن لە نزیکترین کاتدا ئەو توانایەی بۆ بگەڕێتەوە."

ع.م