سەردێڕ:

عێراق.. بەتۆمەتى پەیوەندییان بە داعشەوە بڕیاری لەسێدارەدان بۆ سێ هاوڵاتیی فەڕەنسی دەرچوو

دادگاییکردنى چەکدارانى داعش
فۆتۆ: 
2019-05-27

1513 جار خوێندراوەتەوە

دادگای تاوانەکان لە بەغدا، بە تۆمەتی بوونی پەیوەندییان بە رێکخراوی داعش سزای لەسێدارەدانی بۆ سێ هاووڵاتیی بە ڕەگەز فەڕەنسی دەرکرد.

ئاژانسی ئەنادۆڵ لە زارى سەرچاوەیەکی دادگاى تاوانەکانى بەغدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە پڕۆسەى دادگاییکردنى ئەو سێ تۆمەتبارە بەڕێوەچووە کە  چوار مانگ پێش ئێستا لەلایەن حکومەتى عێراقەوە لە سووریا وەرگیرانەوە.

فازڵ ئەبو رەغیف راوێژکار لە دەزگای دژە تیرۆری عێراق بە ئاژانسەکەى ڕاگەیاندووە، "سزاکەی دادگای تاوانەکانی ناوەندی بۆ ئەو سێ کەسە بە پشتبەستن بە ماددەی چوار لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەرکراوە."

وتیشی، ئەو سزایە بەراییە و دەتوانرێت لە دادگای تێھەڵچوونەوە لە ماوەى ٣٠ ڕۆژدا لە بەرواری دەرکردنییەوە تانەی لێ بدرێت.

راوێژکارەکەى دەزگای دژە تیرۆری عێراق ڕوونیشیکردەوە، ئەگەر ئەو بڕیارە لە دوای ٣٠ ڕۆژ لە ڕێکەوتی دەرچوونی تانەی لێ نەدرێت ئەوکات دەنێردرێت بۆ وەزارەتی داد بە مەبەستی جێبەجێکردنی."

ئەوەش لەکاتێکدایە پێشتر ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی ئاشکرایکرد، عێراق و ئەمریکا لە گفتوگۆدان سەبارەت بە گواستنەوەی هەزاران چەکداری بیانیی داعش لە سوریاوە بۆ عێراق و، لە بەرامبەر زیندانیکردن و دادگاییکردنی چەکدارەکانیش عێراق پێشنیازیکردووە ملیاران دۆلار وەربگرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لەدواى هەرەسهێنانى ڕێکخراوى داعش، ژمارەیەک چەکدارى ناوخۆیی و بیانیی ئەو ڕێکخراوە لە عێراق و سوریا دەستگیرکراون.

سەرەڕاى بانگهێشتى نێودەوڵەتى بۆ ڕاگرتنى جێبەجێکردنى بڕیارى لەسێدارەدان، بەڵام لە عێراق و وڵاتى سعودییە و ئێران و چەند وڵاتێکى دیکە جێبەجێکردنى ئەو سزایە بەردەوامیى هەیە.

ئ.ر