سەردێڕ:

مەلا بەختیار: پێویستە بەزووترین كات كۆبوونەوەیەكی راوێژكاری لەنێوان حزبەكاندا بكرێت‌

لەبارەى مەترسییەکانى جەنگى ئەمریکا و ئێران
فۆتۆ: 
2019-05-26

11773 جار خوێندراوەتەوە

لێپرسراوی دەستەی كارگێڕیی مەکتەبی سیاسی یەکێتى لە بانگەوازێکدا بۆ مەسعود‌ بارزانى و کۆسرەت رەسوڵ و سەرۆکى حزبەکان داوایکرد، لەبارەى مەترسییەکانى جەنگى ئەمریکا و ئێران بەزووترین كات كۆبوونەوەیەكی راوێژكاری لەنێوان حزبەكانی كوردستاندا بكرێت‌ و داوای كۆبوونەوەش لە حزبە عێراقییەكان بكرێت.

لەبانگەوازەکەیدا مەلا بەختیار ئاماژەى بەوەکردووە، "هەقە لەم كێشەیەدا، بۆ مەترسی جەنگ لەنێوان ئەمریكاو ئێران، سیاسەتی خۆمان ببەستینەوە بەسیاسەتی بەغداد. بەڵام سیاسەتی بەغدادیش نابێ‌ بەبێ‌ راوێژ لەگەڵ سەركردایەتی كوردستان بیسەپێنێت. بەڵكو دەبێ‌ بەڕاوێژ و بە بۆچوونی هەموو لایەكمان ستراتیجەكە دابنێین، نەك بەغداد لەوێ‌ بڕیارێك بدات‌ و ئێمەش لێرە، ملكەچ بین. یان ئێمە لێرەوە خۆمان بڕیار بدەین‌ و بڵێن، هەقمان بەسەر بەغدادەوە نییە!"

ڕاشیگەیاندووە، "ئەگەر حزبەكان، حكومەت‌ و پەرلەمانی كوردستان، حكومەت و پەرلەمانی عێراق، بەهەموومان ستراتیج ‌و پرۆژەیەكمان بۆخۆمان دانا، سوور بووین لەسەری، ئەوكاتە ئەمریكا، بەریتانیا‌ و ئەنجومەنی ئاسایشیش رێزی لێدەگرن ‌و ئێران ‌و دەوڵەتانی دەوروبەریش لەناوچەكە رێزی لێدەگرن."

لەبەشێکى دیکەى بانگەوازەکەیدا مەلا بەختیار داواشیکردووە، "هێزە كوردستانییەكان دەبێ پاشكەوتی سیاسی خۆمان هەبێ‌ و لەسەر ئاستی عێراق و هەموو ئاستەكان رێكبكەوین‌ و لەناو كوردستانیش بۆ هەموو ئەگەرەكان، حزبە كوردستانییەكان لەگەڵ حكومەت‌ و پەرلەمانی كوردستان رێكبكەون‌. بۆ هەموو ئەگەرێك. شەڕ دەبێ‌، ئەگەر شەڕ بوو چی بكەین ‌و ئەگەر نەبوو چی بكەین؟"

ئەو بانگەوازەى لێپرسراوى دەستەى کارگێڕى مەکتەبی سیاسی یەکێتى لە کاتێکدایە، گرژییەکانى نێوان ئەمریکا و ئێران لەپەرەسەندندان و هەریەکەیان هەڕەشەى جوڵەى سەربازى لەوى دیکەیان دەکات، بەرپرسانى عێراقیش جەخت لەوەدەکەنەوە کە عێراق بەشێک نەبێت لە ململانێی ئەو دوو وڵاتە.

ئ.ر