سەردێڕ:

بۆمبی چێنراو و سوتانی دەغڵودانەکانیان ژیانی جوتیارانی کەرکوکی خستووەتە مەترسییەوە

فۆتۆ: 
2019-05-26

1010 جار خوێندراوەتەوە

هاوشانى سوتانى خەرمانى ماندوبوونى جوتیارانى کەرکوک، بۆمبەکانیش ژیانى جوتیاران و ئەو کەسانەیان رووبەڕووى مەرگ کردووەتەوە کە هەوڵى کوژاندنەوەى ئاگرەکان دەدەن.

لە گوند و ناحیەکانی دەوروبەری پارێزگای کەرکوک لهناو دەغڵودانی جوتیاران نزیکەی ١٠٠ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراوە، تەقینەوەی بۆمبی چێندراویش لە هەمان کاتدا بوەتە جێی گومانی جوتیاران، بە جۆرێک چوار بۆمبی چێندراو لە چوار کاتی جیاوازدا و لەکاتێکدا کە جوتیارەکان ویستوویانە ئاگری دەغڵودانی زەوییەکانیان بکوژێننەوە تەقیونەتەوە، کە لە دوو تەقینەوەیدا لە سنوری حەویجە پێنج کوژراو و هەشت بریندار و، لە داقوقیش لە دوو تەقینەوەدا پۆلیسێک کوژرا و چوار کەسی تریش برینداربوون.

ئەمە پرسەی یەکێک لەو پۆلیسانەى قەزای داقوقە کە لەکاتی دەرچوون بۆ ئەرکەکەى و کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر ئاگرکەوتنەوەکانی سنوری قەزاکە بۆمبێکی چێندراو بە ئۆتۆمبیلەکەیاندا تەقییەوە و گیانی لەدەستدا و، سێ هاوڕێی تریشی برینداربوون.

زۆربوونی حاڵەتەکانی ئاگرکەوتنەوە بۆ بەرپرسانى ناوچەکەش جێی سەرسوڕمانە، قایمقامی قەزای داقوق به وەکالەت دەڵێت، "لەگەڵ پارێزگاری کەرکوک و قایمقامی حەویجە و دووبز کۆبوونەتەوە تا سەرەداوێکیان لەسەر هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکان دەستکەوێت، بەڵام هیچ سەرەداوێکیان دەستنەکەوتووە."

ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە دەغڵودانی جوتیاران لە سنوری پارێزگای کەرکوک هاوکاتە لەگەڵ دوو داواکاریی سەرەکى لە جوتیاران کورد، یەکەمیان داواى عەرەبە هاوردەکان بۆ سەندنەوەى زەوییەکان لە جوتیارە کوردەکان، دووەمیشیان داواى چەکدارە پەڕاگەندەکانى داعشە بۆ زەکات.