سەردێڕ:

دوو سەرۆک وەزیران و پێنج وەزیر لە جەزائیر رەوانەی دادگا کران

فۆتۆ: 
2019-05-26

1042 جار خوێندراوەتەوە

داواکاری گشتیی جەزائیر بە تۆمەتی بەهەدەردانی سامانی گشتی و کۆکردنەوە و بەدەستهێنانی سەرمایە بە شێوەیەکی نایاسایی، دوو سەرۆک وەزیران و پێنج وەزیری حکومەتی پێشووی ڕەوانەی دادگای باڵای ئەو وڵاتە کرد.

لە بەیاننامەیەکدا سەرۆکی دەزگای داواکاری گشتیی جەزائیر ئەمڕۆ یەکشەممە (٢٦ی ئایاری ٢٠١٩)، دۆسیەی هەریەکە لە ئەحمەد ئویەحیا و عەبدولمەلیک سەلال هەردوو سەرۆک وەزیرانی پێشوو و پێنج وەزیری حکومەتی پێشوو، پارێزگاری جەزائیری پایتەخت و پارێزگاری پارێزگای شاری بەیز، ڕەوانەی دادگای باڵا کرد، بە تۆمەتی گەندەڵی.

ئەحمەد ئویەحیا دوو هەفتە لەمەوبەر لەسەر تۆمەتی دیکەی گەندەڵی لەگەڵ سێ کەسایەتیی دیاری دەسەڵاتی پێشووی جەزائیر لەبەردەم دادگا ڕاگیران، بۆ لیکۆڵینەوە لەو تۆمەتانەی کە درابووە پاڵیان.

لە سەرەتای ئەم مانگەشدا دەزگا ئەمنییەکانی جەزائیر سەعید بوتەفلیقە برا بچووکی عەبدولعەزیز بوتەفلیقەی سەرۆکی دوورخراوەی جەزائیریان دەستگیرکرد.

لەکاتی دەسەڵاتەکانی بوتەفلیقە، سەعیدی برا بچووکی یەکێکبووە لە ڕاوێژکارە گەورەکانی و ماوەی ١٠ ساڵ لەو پۆستەدا بووە.

لە دوای دووچاربوونی بوتەفلیقە بە نەخۆشیی جەڵتەی مێشک لە ساڵی ٢٠١٣، هاوڵاتییانی جەزائیر سەعیدی برای بە حاکم و دەسەڵاتداری ڕاستەقینەی جەزائیریان دەزانی.

لە چوارچێوەی هەڵمەتی هێزە ئەمنییەکان بۆ دەستگیرکردنی کەسانی نزیک لە دەسەڵاتدارانی پێشووی جەزائیر، دوو سەرکردەی پێشووی دەزگای هەواڵگری و پێنج گەورە سەرمایەداری جەزائیر دەستگیرکراون، کە ژمارەیەک لەو سەرمایەدارانە پەیوەندیی پتەویان هەبووە لەگەڵ بوتەفلیقەدا.

تەلەفزیۆنی فەرمیی جەزائیر بڵاویکردووەتەوە، ئەو سەرمایەدارانە لەسەر دۆسیەی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی دەستگیرکراون.

هەڵمەتی دەستگیرکردنی لێپرسراوەکانی پێشووی دەسەڵاتی جەزائیر لەکاتێکدایە، هەفتەی ڕابردوو ئەحمەد قاید ساڵح فەرماندەی گشتیی سوپای جەزائیر ڕایگەیاند، ژمارەیەک لە چینی دەسەڵاتدار رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا خۆپیشاندەرانی جەزائیر بەردەوام داوای رۆیشتنی بوتەفلیقە و دەسەڵاتەکانی و، لابردنی سەرجەم لێپرسراوەکانی دەوری سەرۆکی جەزائیریان دەکرد.

ع.م