سەردێڕ:

سناپچات سیخوڕی بەسەر بەکارهێنەرانیەوە دەکات

فۆتۆ: 
2019-05-26

4084 جار خوێندراوەتەوە

بەشێك لە فەرمانبەرانی کۆمپانیای سناپچات تۆمەتی ئەوەیان لەسەرە کە سیخوڕی بەسەر بەکارهێنەرانەوە دەکەن لە رێگەی خراپ بەکارهێنانی ئامێرە ناوەکییەکان.

بەگوێرەی ماڵپەڕی زە سەنی بەریتانی، فەرمانبەرانی سناپچات دەتوانن بگەن بە تایبەتمەندی " SnapLion " کە بۆ ئەوە دیزاینکراوە زانیارییەکان لە بارەی بەکارهێنەرانەوە کۆبکاتەوە بەپێی یاسا، سیخوڕییەکەش بە مەبەستی "قازانجی تاکە کەسی" ئەنجامدراوە.

بەپێی لێکۆڵینەوەیەك کە ماڵپەڕی "ڤایس" لەگەڵ کارمەندەکانی پێشووتر و ئێستای کۆمپانیای سناپچات کراوە، بە مەبەستی ئەوەی دڵنیابێت لە هۆکاری سیخوڕییەکە دەرکەوت، کارمەندەکان دەتوانن بگەن بە زانیارییە تایبەتییەکانی بەکارهێنەرەکان، وەك لۆکەیشن، وێنە هەڵگیراوەکانیان، ژمارەی تەلەفۆنەکانیان و ئەدرێسی ئیمەیڵەکانیان.

تایبەتمەندی " SnapLion " بە مەبەستی یاسایی و رێگەپێدراو کاری پێدەکرێت، لەسەر داوای جێبەجێکردنی لایەنە یاساییەکان دروستکراوە، بەڵام لێکۆڵینەوەکە دەریخستووە کە هەندێك لە فەرمانبەرەکان بە مەبەستی نا یاسایی بەکاریانهێناوە.

یەکێك لە فەرمانبەرەکان ڕایگەیاندووە، دەزانن کە ئەم تایبەتمەندییە چەند جارێك بە خراپی بەکارهێندراوە بۆ گەیشتن بە داتا و زانیاری بەکارهێنەران بە ڕێگەیەکی نا یاسایی.

کۆمپانیای سناپچاتیش ئاماژەى بەوەکردووە، ئەنجامی ئەم لێکۆڵینەوەیە ورد نییە، بەڵام مایەی دڵەڕاوکێن، چونکە پاراستنی زانیاری بەکارهێنەران بابەتێکی گرنگە لە سناپچاتدا، ئەوان یاسا و رێنوێنی زۆر توند و بەهێزیان هەیە بۆ ئەوەی زانیاری و داتاکانی بەکارهێنەران بە مەبەستی دیکە بەکارنەهێندرێن.

وتیشی، گەیشتن بە داتاکانی بەکارهێنەران بەبێ ئەوەی رێگەیان پێبدرێت بە پێشێلکارییەکی روون دادەندرێت بۆ یاساکانی کۆمپانیاکە و لە حاڵەتێکدا کە ئاشکرابکرێت ئەوا رێوشوێنی یاسایی دەگیرێتە بەر.

ئ.ر