سەردێڕ:

سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕاگەیەندراوێکی لە بارەی نەجمەدین کەریمەوە بڵاوکردەوە

فۆتۆ: 
2019-05-26

21116 جار خوێندراوەتەوە

نوسینگەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، ئەوان بە هیچ شێوەیەک دەستوەردانیان نەکردووە لە بابەتی ئازادکردنی نەجمەدین کەریم پارێزگاری پێشووی کەرکوک.

لە بەیاننامەیەکدا نوسینگەی ڕاگەیاندنی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە (٢٦ی ئایاری ٢٠١٩) بڵاویکردەوە، هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و کەناڵە تەلەفزیۆنییە ناسراوەکان و کەسایەتیی سیاسی پڕوپاگەندەی ئەوەیان کردووە، گوایە سەرۆک وەزیران دەستوەردانی کردووە بۆ ئازادکردنی نەجمەدین کەریم پارێزگاری پێشووی کەرکوک، کە لە بەیروتی پایتەختی لوبنان لەلایەن پۆلیسی ئینتەرپوڵەوە دەستگیرکراوە.

بە گوێرەی هەواڵە هەڵبەستراوەکە گوایە لە دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی مەسعود بارزانی لەگەڵ عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەستوەردانی کردووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی نوسینگەی عەبدولمەهدیدا هاتووە، "ئێمە رەتیدەکەینەوە هیچ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە نێوان سەرۆک وەزیران و مەسعود بارزانیدا هەبووبێت سەبارەت بەو بابەتە، نە بە ڕاستەوخۆیی و نە بە ناوبژیوانی، بۆیە جەختدەکەینەوە سەرۆک وەزیران ئاگادارنەکراوەتەوە لە دەستگیرکردنی پارێزگاری کەرکوک دوای ئەوە نەبێت کە لە ڕۆژی دواتردا ئازادکراوە و، بە هیچ شێوەیەک دەستوەردانی نەکردووە لە بابەتەکەدا، بۆیە هەواڵی دەستگیرکردنەکەی لەلایەن فوئاد حسێن وەزیری داراییەوە پێی گەیشتووە لە رۆژی ٢٢ی ئەم مانگەدا، ئەویش کاتێک لە فڕۆکەدا بوون بۆ سەردانیکردنی دەوڵەتی کوەیت، کە وەزیری دارایی یەکێکبووە لە ئەندامانی وەفدەکە."

لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەو کاتە سەرۆک وەزیران فەرمانیکردووە بە کردنەوەی دۆسیەیەکی فەرمی بۆ ئاگاداربوون لە بابەتەکە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست، بۆیە چەند ئەرکی سیاسییە ئەوەندەش ئەرکی ڕاگەیەندنکارانە کە بەدواداچوون بکەن بۆ ڕاستی و وردەکاریی بابەتەکان بەرلەوەی حوکم لەسەر شتەکان بدەن، چونکە گۆڕەپانەکە پڕبووە لە هەواڵی دروستکراو و دزەپێکراو و ناڕاست، کە دەبێتە مایەی پێشێلکردنی مافی دامەزراوەکانی دەوڵەت و کەسایەتییەکانی و هاوڵاتییانیش.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا نوسینگەی عەبدولمەهدی داوای لە سیاسییەکان و ڕاگەیاندنکارەکان و ئەوانەش کە ئەو جۆرە پڕوپاگەندە ناڕاستانەیان بڵاوکردووەتەوە، وەک پابەندبوونێک بە ئەرک و کاری بابەتیبوون و مۆراڵی و نیشتمانی، هەواڵەکە ڕەتبکەنەوە و شتەکان بۆ ڕای گشتی روون بکەنەوە وەک ئەوەی هەیە، هەر بۆیە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بە مافی خۆیی دەزانێت ڕێوشوێنی یاسایی دادوەری بگرێتەبەر ئەگەر بێتو ئەو پڕوپاگەندە درۆ و دروستکراوانە بۆ ڕای گشتی ڕوون نەکەنەوە.

ئەو بەیاننامەیەی نوسینگەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەکاتێکدایە، وەزارەتى ناوخۆى عێراق ڕاگەیەندراوێکى لەسەر دەستگیرکردنى نەجمەدین کەریم بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، هەموو هەوڵێکیان دەخەنەگەڕ بۆ گەڕاندنەوەى تۆمەتباران بۆ بەردەم دادگاکانى عێراق.

بەپێى ڕاگەیەندراوەکە، کە ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٦ى ئایار بڵاویکردووەتەوە هاتووە، لە سەرەتاوە وەزارەتى ناوخۆ زانیاریی لەسەر ئەو بابەتە هەبووە لە رێگەى فەرمانگەکانى پۆلیسى عەرەبى و نێودەوڵەتیی ئینتەرپوڵەوە تەواوى ڕێوشوێن و ڕێکارە یاساییەکانى گرتووەتەبەر، بۆ گەڕاندنەوەى داواکراوان بۆ بەردەم دادگاکانى عێراق.

ئاماژەى بەوەش کردووە، دواى بوونى زانیارى لەسەر دۆسیەکە وەزارەتى ناوخۆ لە ڕێگەى نوسینگەى ئەنتەرپوڵى بەغداوە نوسراوێکى بە ژمارە ٨٢٥٩ لە ٢١ى ئایار ئاڕاستەى ئەنتەرپوڵى بەیروت کردوە لە لوبنان، بۆ دەستگیرکردنى نەجمەدین کەریم پارێزگاری پێشووی کەرکوک، کە لەلایەن دادگاکانى عێراقەوە بە تۆمەتى بەهەدەردانى سامانى گشتى بڕیارى دەستگیرکردنى بۆ دەرچووە.

٢٥ى ئەم مانگە ڕۆژنامەیەکى لوبنانى هەواڵى دەستگیرکردنى نەجمەدین کەریم پارێزگارى پێشووى کەرکوکى بڵاوکردەوە و ئاماژەى بەوەش کردبوو کە لەلایەن چەند کەسایەتییەکەوە هەوڵى ناردنەوەى ناوبراو دەدرێت بۆ هەولێر، بەڵام بەغدا هەموو هەوڵەکانی هەولێر ڕەتدەکاتەوە لەپێناو ئازادکردنی نەجمەدین کەریمدا و پێى وایە ناوبراو لەلایەن دادگاکانی عێراقەوە داواکراوە نەک دەزگای دادوەریی هەرێمی کوردستان.

ئەوە لەکاتێکدایە، نەجمەدین کەریم پارێزگاری پێشووی کەرکوک ڕۆژی ٢٢ی ئەم مانگە بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تیی ڕاگەیاند، ئەو لە ئێستادا بە گەشتێک لە بەیروتی پایتەختی لوبنانە و دەستگیرنەکراوە، بەڵکو لەلایەن پۆلیسەوە بۆ چەند خولەکێک بانگکراوە و پێیانوتووە کە ناوەکەى لەگەڵ ناوى کەسێکى دیکە تێکەڵ بووە.

ع.م