سەردێڕ:

عێراق: هەوڵەکانمان دەخەینە گەڕ بۆ گەڕاندنەوەى تۆمەتباران بۆ بەردەم دادگا

فۆتۆ: 
2019-05-26

30658 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتى ناوخۆى عێراق ڕاگەیەنراوێکى لەسەر دەستگیرکردنى نەجمەدین کەریم بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، هەموو هەوڵێکیان دەخەنە گەڕ بۆ گەڕاندنەوەى تۆمەتباران بۆ بەردەم دادگاکانى عێراق.

بەپێى ڕاگەیەنراوەکە کە ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٦ى ئایار بڵاویکردووەتەوە هاتووە، لەسەرەتاوە وەزارەتى ناوخۆ زانیارى لەسەر ئەو بابەتە هەبووە لە رێگەى فەرمانگەکانى پۆلیسى عەرەبى و نێودەوڵەتى ئەنتەرپوڵەوە تەواوى ڕێوشوێن وڕێکارە یاساییەکانى گرتوەتەبەر بۆ گەڕاندنەوەى داواکراوان بۆ بەردەم دادگاکانى عێراق.

ئاماژەى بەوەشکردووە، دواى بوونى زانیارى لەسەر دۆسیەکە وەزارەتى ناوخۆ لەڕێگەى نوسینگەى ئەنتەرپوڵى بەغداوە نوسراوێکى بە ژمارە ٨٢٥٩ لە ٢١ى ئایار ئاڕاستەى ئەنتەرپوڵى بەیروت کردوە لە لوبنان، بۆ دەستگیرکردنى نەجمەدین کەریم کە لەلایەن دادگاکانى عێراقەوە بەتۆمەتى بەهەدەردانى سامانى گشتى بڕیارى دەستگیرکردنى بۆ دەرچووە.

لە نوسراوەکەدا هاتوە داوا لە ئەنتەرپوڵى بەیروت کراوە نەجمەدین کەریم بهێڵرێتەوە لەو وڵاتە تا لەلایەن دادگاکانى عێراقەوە دۆسیەکەى ڕەوانە دەکرێت.

وەزارەتى ناوخۆ لە نوسراوەکەدا ئاماژەى بەوەشکردووە، لە لایەن ئەنتەرپوڵى لوبنانەوە ئاگادارکراونەتەوە کە نەجمەدین کەریم بە کەفالەت بەپێى یاساکانى ئەو وڵاتە ئازاد کراوە و پاسپۆرتەکانى لێسەندراوەتەوە بۆ ئەوەى نەتوانێت گەشتى هیچ وڵاتێک بکات تا ئەو کاتەى دۆسیەکانى لە بەغداوە دەگاتە لوبنان.

وەزارەتى ناوخۆ ڕونیشیکردوەتەوە، لەگەڵ لایەنى دادوەری لوبنان لەسەر خەتن بۆ ئەوەى بەپێى جێبەجێکردنى ڕێکەوتنە نێودەوڵەتیەکان تۆمەتبار نەجمەدین کەریم ڕادەستى دەسەڵاتى دادوەرى عێراق بکرێتەوە.

٢٥ى ئەم مانگە ڕۆژنامەیەکى لوبنانى هەواڵى دەستگیرکردنى نەجمەدین کەریم پارێزگارى پێشووى کەرکوکى بڵاوکردەوە و ئاماژەى بەوەشکردبوو کە لەلایەن چەند کەسایەتیەکەوە هەوڵى ناردنەوەى ناوبراو دەدرێت بۆ هەولێر، بەڵام بەغدا هەموو هەوڵەکانی هەولێر ڕەتدەکاتەوە لە پێناو ئازادکردنی نەجمەدین کەریمدا و پێى وایە ناوبراو لە لایەن دادگاکانی عێراقەوە داواکراوە نەک دەزگای دادوەری هەرێمی کوردستان.

ئەوە لە کاتێکدایە نەجمەدین کەریم پارێزگاری پێشووی کەرکوک ڕۆژی ٢٢ی ئەم مانگە بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، ئەو لە ئێستادا بە گەشتێک لە بەیروتی پایتەختی لوبنانە و دەستگیر نەکراوە بەڵکو لەلایەن پۆلیسەوە بۆ چەند خولەکێک بانگکراوە و پێیان وتووە کە ناوەکەى لەگەڵ ناوى کەسێکى دیکە تێکەڵ بووە.

ب.ب