سەردێڕ:

تەقتەق.. بەهۆى نەخۆشییەوە نزیکەی ٣٠ هەزار ماسی لەناوچوون

فۆتۆ: 
2019-05-26

3986 جار خوێندراوەتەوە

لە ناحیەی تەقتەقی سه‌ر به‌قه‌زای كۆیه‌ بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەوە نزیکەی ٣٠ هەزار ماسی لەناوچوون.

زەردەشت هاوڵاتیەکی گوندی سات و قەڵای سەر بەناحیەیی تەقتەقە، هاوشێوەی ڕۆژانی تر هاتووەتە سەر پڕۆژەکەی کە حەوزی بەخێوکردنی ماسییە و دەیەوێت عەلەفیان پێبدات، بەڵام دیمەنی پرۆژەکە جیاوازترە لە ڕۆژانی تر، چونکە ئاوی حەوزەکە سپی دەبێتەوە لە ماسی و زۆربەی ماسیەکانی ناوحەوزەکەی لەناوچوون.

ئەو هەرچەندە خوێندکاری ١٢ی ئامادەییە و دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکانی نزیکبووەتەوە، بەڵام مرداربوونەوەی زیاتر لە دوو هەزار ماسی کە هەندێکیان کێشیان دەگاتە سێ کیلۆ بێزاری کردووە و کاریگەری لەسەر خوێندنەکەشی هەیە.

هێمن یەکێکی ترە لە خاوەن پڕۆژەکانی بەخێوکردنی ماسی لەهەمان گوند، ئەو بەهۆی ئەوەی دوای تەواوکردنی زانکۆ بێکاربووە، دەستیکردووە بە بەخێوکردنی ماسی، بەڵام لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا زیاتر لە سێ هەزار ماسی مرداربوونەتەوە.

خاوەن حەوزەکانی ماسی لە گوندەکەدا دەڵێن، نزیکەی نزیکەی ٣٠ هەزار ماسی بەهۆی نەخۆشیەوە لەناوچوون و حکومەتیش بەناهایانەوە نەچووە.

ئەزمەڕ ساڵح  بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری کۆیە دەڵێت، ئاگاداری بڵاوبوونەوەى ئەو نەخۆشییەوە نین، چونکە ئەو پرۆژە ماسییانە مۆڵەتى فەرمییان نییە و ناتوانن سەردانیان بکەن و جۆری نەحخۆشییەکانیان دیاریبکەن.

لە سنوری ناحیەیی تەقتەقدا بەپێی ئامارە نافەرمیەکان، نزیکەی ٦۰۰ حەوزی بەخێوکردنی ماسی هەن، لەو ژمارەیەش تەنها نزیکەی ١٠ پڕۆژەیان مۆڵەتیان هەیە، جگە لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، لەئەمساڵدا لافاویش زیانی زۆری بە خاوەنی حەوزەکان گەیاندووه.

ئ.ر