سەردێڕ:

مەترسییەکانی بارگاوی کردنەوەی مۆبایل لە شوێنە گشتییەکان چین؟

فۆتۆ: 
2019-05-25

2197 جار خوێندراوەتەوە

ئەگەر تۆ یەكێکی لەو کەسانەی مۆبایلەکەت لە شوێنە گشتییەکانی وەکو ناو شەمەندەفەر و شوێنەگشتییەکانی تر بارگاوی (شەحن) دەکەیەوە، ئەوە پێویستە ئاگادار بیت، لەبەر ئەوەی ئەوە ڕووبەڕووی مەترسی ئاسایشی و کۆمەڵایەتیت دەکاتەوە.

گۆڤاری فۆربسی ئەمریکی ئاگاداری ئەو کەسانە دەکاتەوە کە لە شوێنەگشتییەکان و بە ڕێگای بەکارهێنانی (USB)  لە فرۆکەخانە و فەرمانگەکاندا مۆبایلەکانیان بارگاوی دەکەن، چونکە لەو ڕێگەیەوە ئەگەری ئەوەیە هەندێ کەس کە بە "دەستبڕی ئینتەرنێت" ناسراون بچنە ناو مۆبایلەکەت و زانیارییەکانی ناوی ببەن، بەبێ ئەوەی خۆت هەستی پێبکەیت.

ئێستا لە هەندێ وڵات گەشتیاران لە ڕێگەی مۆبایلە زیرەکەکانیانەوە ڕووبەڕووی ئەو کێشەیە بوونەتەوە، کە بریتیە لە بردنی زانیاریەکانی گەشتیاران.

گۆڤارەکە باسی لەوەکردووە، ئامێرەکانی بارگاویکردنەوە دەکرێت بۆ سیخوڕیکردن لەسەر مۆبایلەکان بەکاربهێندرێن و لەو ڕێگەیەشەوە وێنە و ڤیدیۆ و نامە و ژمارەکان کۆپی دەکرێنەوە، لەگەڵ ئیمەڵ و ژمارە نهێنیەکان هەر کاتێک مۆبایکە لە ئامێری بارگاویکردنەوەی شوێنەگشتییەکان بەسترا.

کۆمپانیای (IPM)ی تایبەت بە خزمەتگوزارییەکانی ئاسایش ئامۆژگاری ئەو کەسانە دەکات لە جیاتی ئەوە ئامێری بارگاویکردنەوەی ئاسایی لەکاتی گەشتەکانیاندا بەکاربهێنن، یان سود لە ئامێری وزەی گواستراوە (پاوەر بانک) لە کاتی بارگاویکردنەوەی مۆبایلەکانیان ببینن.

کۆمپانیاکە لە ڕاپۆرتێکدا چەند حاڵەتێکی سیخوڕیکردن لە ڕێگەی بارگاویکردنەوە لە شوێنە گشتییەکان بەسەر گەشتیارانەوە تۆمارکردووە، هەروەها چەند حاڵەتێکیش لەو شوێنانە کە هێڵی ئینتەرنێت (وای فای) بێ بەرامبەری لێدانراوە وەکو فڕۆکەخانەکان و ناوەندەکانی کۆنگرە و کۆنفرانسەکان لە ئەمریکا تۆمارکراوە.

لە ڕاپۆرتەکەی گۆڤاری فۆربسی ئەمریکیدا ئەوەش خراوەتەڕوو، ٨٠%ی گەشتیاران لە شوێنەگشتییەکان مۆبایلەکانیان بارگاوی دەکەنەوە، بەبێ ئەوەی پرسیار بکەن دەربارەی ئەگەری بردنی زانیاری ناو ئامێرەکانیان.

هـ.ع