سەردێڕ:

عەبدولمەهدى و محەمەد جەواد زەریف تاوتوێی گرژییەکانى تاران و واشنتۆنیان کرد

باسیان لە ئەگەرەکانى ڕوودانى جەنگ کردووە
فۆتۆ: 
2019-05-25

1480 جار خوێندراوەتەوە

دواى سەردانەکەى ئەمڕۆى بۆ بەغدا، وەزیرى دەرەوەى ئێران لەگەڵ سەرۆک وەزیرانى عێراقدا کۆبووەوە و تاوتوێی گرژییەکانى نێوان تاران و واشنتۆنیان کرد.

نوسینگەى ڕۆژنامەوانى عادل عەبدولمەهدی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، سەرۆک وەزیرانى عێراق و وەزیرى دەرەوەى ئێران گفتوگۆیان لەسەر پەیوەندییەکانى هەردوو وڵات کردووە و باسیان لە ئەگەرەکانى ڕوودانى جەنگ و زیانەکانیشى کردووە.

نوسینگەکە ڕاشیگەیاندووە، عادل عەبدولمەهدى و جەواد زەریف ئاماژەیان بەگرنگى پاراستنى ئاسایشى ناوچەکە و چۆنییەتى پاراستنى ڕێککەوتنى ئەتۆمی لەلایەن تاران و زیانەکانى گەمارۆ ئابورییەکانى سەر ئێران و کاریگەرى بۆ سەر وڵاتان کردووە.

هاوکات بەپێی ئەو زانیاریانەی بڵاوکراونەتەوە، مەبەستی سەردانەکەی محەمەد جەواد زەریف، گفتوگۆکردنە لەبارەى کێشەکانى نێوان ئەمریکا و ئێران و ڕۆڵى عێراق لە هێورکردنەوەى گرژییەکان لە ناوچەکەدا.

بەشێک لە میدیاکانیش باسیان لەوەکردووە، ئێران دەیەوێت لە ڕێگەی عێراقەوە ئەو پەیامە بگەیەنێت بە ئەمریکا، کە نایەوێت جەنگ ڕووبدات.

بڕیاریشە سبەینێ محەمەد جەواد زەریف سەردانی نەجەف و کەربەلا بکات و ڕۆژی دووشەممەش بگەڕێتەوە وڵاتەکەی.

ڕۆژی ١٣ی کانونی دووەمی ئەمساڵیش محەمەد جەواد زەریف و شاندێکی سیاسی و بازرگانی ئێران سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانیان کرد و چەند ڕێککەوتنێکی لێکتێگەیشتنیان واژۆکرد.

ئ.ر