سەردێڕ:

دادوەرێکی عێراق: داوا لە سەرۆک کۆمار دەکەم هەوڵی ئازادکردنی شاسوار عەبدولواحید بدات

فۆتۆ: 
2019-05-25

2518 جار خوێندراوەتەوە

وائیل عەبدولەتیف لە چاوپێکەوتنێکدا داوای لە سەرۆک کۆماری عێراق کرد، هەوڵی دەستبەجێ ئازادکردنی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بدات، لەبەر ئەوەی دۆسیەکەی ئێستا لە دادگایە دەکرێت بە کەفالەت ئازاد بکریت.

 دادوەر وائیل عەبدولەتیف، پەرلەمانتاری خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پارێزگاری پێشووی بەسڕە لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی ئێن ئاڕ تی عەرەبیدا ئاماژەی بەوەکرد، " شاسوار عەبدولواحد لە دادگای عێراق ڕاینەکردووە و ئێستا دۆسیەکەی لە دادگایە، لەبەر ئەوە دەکرێت بە کەفالەت ئازاد بکرێ".

ئەوەشی خستەڕوو، " لەبەر ئەوە دکتۆر بەرهەم ساڵح داوا لە جەنابت دەکەم بەو پێیەی پارێزەری دەستوریت و ئەندامی یەكێتی نیشتیمانی کوردستانیت، سەبارەت بەو ڕووداوانەی بەم دواییە ڕوویدا هەوڵ بدەیت سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئازاد بکەیت و بەدووریبگریت لە هەر ئەشکەنجە و پێشێلکاریەک کە رووبەڕووی دەبێتەوە".

وتیشی، "لە ئێستادا سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ مانی لە خواردن گرتووە، ئەوەش کاریگەری بە پلەی یەکەم لەسەر ناوبانگی ئێوە و دواتریش لەسەر ناوبانگی دەوڵەت دەبێت".

باسی لەوەشکرد، " ئێمەش نامانەوێت و ئەو تایبەتمەندییانە لە سیستەمی حوکمڕانی ئێمەدا هەبێت کە بە قسە دیموکراسی بێت، بەڵام بە پێچەوانەی ماناکانی دیموکراسی بجوڵێتەوە".

ئەوەش لە کاتێکدایە، ماوەی دە ڕۆژ بەسەر دەستگیرکردنى شاسوار عەبدولواحیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سلێمانیەوە تێپەڕى، تا دێت کاردانەوەکانى دەستگیرکردنەکەش لە ناوەوە و دەرەوەى کوردستان بەردەوامییان دەبێت و داوا دەکرێت دەسەڵاتدارانى یەکێتى بە زوویی ناوبراو ئازاد بکەن.

هـ.ع