سەردێڕ:

تائێستا دۆسیەی شاسوار عەبدولواحید و خۆبەخشانی نەوەی نوێ ڕادەستی پۆلیس نەکراوە

دواى ١٠ ڕۆژ لە دەستگیرکردنى
فۆتۆ: 
2019-05-25

1198 جار خوێندراوەتەوە

١٠ ڕۆژە شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەى نەوەى نوێ دەستگیرکراوە، تائێستاش دۆسیەکەی وەک خۆى لەدەست ئاسیش ماوەتەوە و ڕادەستى پۆلیس نەکراوە.

مانەوەى دۆسیەکە لەدەستى ئاسایشدا لە کاتێکدایە، بە پێى وتەى یاساناسان دۆسیەکە لەپسپۆڕیى ئاسایشدا نییە و دەبوو پێشتر ڕادەستى پۆلیسى لێکۆڵینەوە بکرایە و دەشڵێن، دۆسیەکە زۆر بەقورسی گیراوە و زیاد لە قەبارەی خۆی دراوەتێ.

بەپێى زانیارییەکان تائێستا هیچ بەرەوپێشچونێک لە دادگایی کردنی شاسوارعەبدولواحیدا نیە و دۆسیەکە لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدایە، دادوەریش ڕەتیکردوەتەوە دۆسیەی سەرۆکی جوڵانەوەکە بۆ دادگای باری کەسێتی بگوازێتەوە، لەکاتێکدا ئاسایشى سلێمانى هیچ ڕوونکردنەوەیەکى لەبارەى دۆسیەکە و دۆخى سەرۆک و دەستگیرکراوانەى جوڵانەوەى نەوەى نوێ نەداوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە پارێزەرانی دۆسیەکە چەند جارێک داوایانکردووە، شاسوار عەبدولواحید بە کەفالەت ئازاد بکرێت، بەڵام وەڵامیان نەدراوەتەوە.

زۆرێک لە بۆچوونەکان ئاماژەیان بەوەداوە ئەم دۆسیەیە بە سیاسیی کراوە، چونکە سەرۆکى جوڵانەوەى نوێ و خۆبەخشانی جوڵانەوەکە بەپێی مادەی ٢ی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندییکردن دەستگیرکراون، کە ئەوەش کاری پۆلیسە لێکۆڵینەوە بکات وشمولی ئازادکردن بەکەفالەت دەکات.

لەوبارەیەوە حاکم شێخ لەتیف دادوەر و یاساناس دەڵێت، ئێستا بەڕوونی دیارە کە کێشەی شاسوار و ھاوڕێکانی سیاسییە و بەتایبەتیش تۆڵەی ئەو قسەیەی لێ دەکرێتەوە کە وتی سەرانی ئەم حیزبانە ئەگەر چاکسازی نەکەن بە چارەنوسی مفەوەز شەماڵ دەچن.

دەشڵێت، پێویستە داداگا سەربەخۆبێت و بەکارنەھێنرێت بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشە و تۆڵەی سیاسیی و پێشى وایە، دەبێت ئازادی بیروڕا و ئازادی کاری سیاسی بۆ ھەموان ھەبێت و مافی تۆمەتباران لە ھەموو ڕوویەکەوە لە کاتی لێکۆڵینەوە و ڕووبەڕووبوونەوەی تاوان پارێزراوبێت.

چاودێرانى سیاسیش بۆچوونى خۆیان هەیە لەبارەى دۆسیەکە و باس لەوە دەکەن،  دەستگیرکردنى سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ و ئەندامانیان بووەتە هۆی ئەوەى هێندەى دیکە ھاوڵاتیان متمانەیان بە جێبەجێکردنی یاسا کەمترببێتەوە.

هەرلەو بارەیەشەوە پێشتر شاسوار عەبدولوحید لەکاتى دەستگیرکردنى خۆبەخشانى جوڵانەوەکە لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە هەرێمى کوردستان یاسا وەک تۆڕ وایە بچوکەکان دەگرێت و تاوانبارە گەورەکانیش لێى دەرباز دەبن.

ئ.ر