سەردێڕ:

وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە بەغدا

فۆتۆ: 
2019-05-25

1946 جار خوێندراوەتەوە

محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران ئێوارەی ئەمڕۆ  شەممە بە سەردانێکی یەک رۆژە  گەیشتە بەغدا.

ماڵپەری روسیا تودەی لە سەرچاوەیەکی باڵای حکومەتی عێراقەوە بڵاویکردووەتەوە، سەردانەکەی محەمەد جەواد زەریف پەیوەندی بە کێشەکانی نێوان ئێران و ئەمریکاوە هەیە و، گفتوگۆ دەربارەی رۆڵی عێراق لە هێورکردنەوەی گرژییەکاندا دەکرێت.

باسی لەوەشکردووە،" وەزیری دەرەوەی ئێران دەیەوێت بەرپرسانی عێراق پەیامێکی ئێران بگەێنن بە حکومەتی ئەمریکا، پەیامەکەش بریتییە لەوەی ئێران نایەوێت جەنگ رووبدات".

هەروەها ئاژانسی هەواڵی فارس باسی لەوەکرد، وەزیری دەرەوەی ئێران بەمەبەستی دیدار لەگەڵ بەرپرسانی عێراق گەیشتە بەغدا و لەسەرەتاشدا چاوی بە محەمەد حەکیم، وەزیری دەرەوەی عێراق دەکەوێت.

پێشتر بڕیار بوو رۆژی ٢٤ی ئایار محەمەد جەواد زەریف سەردانی بەغدا بکات، بەڵام سەردانەکە بۆ ئەمڕۆ شەممە دواخرا.

سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ عێراق لە کاتێکدایە، ماوەی دوو هەفتەیە لێپرسراوە باڵاکانی ئەمریکا و ئێران لێدوانی توند لە دژی یەکتر دەدەن و هەریەکەیان زمانی هەڕەشەکانی توندتر کردووەتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی ئەمریکا لە دوێنێوە بڕیاریداوە چەک و جبەخانە و هێزی سەربازی زیاتر ڕەوانەی ناوچەی کەنداو بکات.