سەردێڕ:

عێراق پلەى نۆهەمە لە ڕێژەى گەشتیارانى عومرەدا

فۆتۆ: 
2019-05-25

1549 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی سعودیە ڕایگەیاند لە سەرەتای ئەمساڵەوە نزیکەی ٢٧٠ هەزار عومرەکارى عێراقى سەردانى سعودییەیان کردووە، بۆ جێبەجێکردنی ئەو سونەتە.

بەپێى ئامارێکى حکومەتی سعودییە کە ئەمڕۆ شەممە (٢٥ی ئایاری ٢٠١٩) بڵاویکردووەتەوە، ٢٦٩ هەزار و ٥٥٤ عومرەکارى عێراقى سەردانى سعودییەیان کردووە و پلەى نۆهەمى گرتووە لە دواى وڵاتەکانی مالیزیا و یەمەن و جەزائیر و تورکیاوە.

بەپێى ئامارەکە، لە سەرەتاى ئەمساڵەوە تا ١٨ى مانگى ڕەمەزان، فیزە بۆ ٧ ملیۆن و ٢٥٩ هەزار و ٤٦٣ کەس بۆ هاتنە ناو سعودییە دابینراوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، لەو ڕێژەیە ٦ ملیۆن و ٩٤٣ هەزار و ٩٦٤ عومرەکار سەردانى سعودییەیان کردووە.

ئەوەش ڕوونکراوەتەوە، ٣١٧ هەزار و ٢٤٥ عومرەکار لە مەدینەن و ٦ ملیۆن و ٦٩٧ هەزار و ٣٩ عومرەکاریش دواى کۆتاییهێنانى مەراسیمەکان، ئەو وڵاتەیان جێهێشتووە.

بە پێى ئامارەکان ساڵانە لە ھەرێمی کوردستان نزيكەى ٢٠ ھەزار کەس گەشتی عومرە ئەنجام دەدەن، کە لە ڕێگەى ١٠٠ کۆمپانیاکانی تایبەت بە حەج و عومەرەوەوە گەشتى سعودیە دەکەن.

ب.ب