سەردێڕ:

ئێران هەڕەشەی نقومکردنی کەشتییەکانی ئەمریکا دەکات لە کەنداودا

کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکا لە ئاوەکانی کەنداودا
فۆتۆ: 
2019-05-25

9661 جار خوێندراوەتەوە

مورتەزا قوربانی ڕاوێژکاری سەرکردایەتیی سەربازیی سوپای ئێران هەڕەشەی بەکارهێنانی "چەکە نهێنییەکان"ی وڵاتەکەیی کرد بۆ نقومکردنی کەشتی و فڕۆکەهەڵگرەکانی ئەمریکا لە ئاوەکانی کەنداودا.

ئاژانسی هەواڵیی میزان لە زاری قوربانییەوە بڵاویکردەوە، ئێران لە توانایدایە لە ڕێگەی بەکارهێنانی موشەک و چەکە نهێنییەکانییەوە، ئەو کەشتییە جەنگییانەی ئەمریکا نقوم بکات، کە لەم دواییانەدا واشنتۆن ڕەوانەی ئاوەکانی کەنداوی کردووە.

ئەو فەرماندە باڵایەی سوپای ئێران ڕایگەیاندووە، "ئەمریکا بڕیاریداوە دوو کەشتیی جەنگی ڕەوانەی ناوچەکە بکات، بەڵام ئەگەر بێت و کەمترین گەمژەیی بکات، ئەوا لە ڕێگە پەنابردن بۆ دوو جۆر موشەک و چەکی نهێنییەوە، بۆ بنی دەریا نقوومیان دەکەین بە سەرباز و فڕۆکەکانییەوە."

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەمریکا دودڵە سەبارەت بە موشەکە وردەکارەکانی ئێران، کە لە توانایدایە هێرشی پێ بکرێتە سەر فڕۆکەهەڵگرەکان. ڕوونیشیکردەوە، جەنگ نایانترسێنێت، چونکە ئامادەن بۆ هەموو بارودۆخێک.

سەبارەت بە ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی ئێرانیش قوربانی جەختیکردەوە، ئەگەر ڕێگری بکرێت لە هەناردەی نەوتی ئێران، ئەوا هیچ مانایەک نامێنێتەوە بۆ قسەکردن دەربارەی ئاسایشی گەرووی هورمز.

لە کۆتایی وتەکانیدا ئەو لێپرسراوە سەربازییە باڵایەی ئێران ڕایگەیاندووە، ئەمریکا ترسی هەیە لە هەژموونی هەرێمایەتیی ئێران لە ناوچەکە و بوونی هێزی جەماوەری و بەرگری، کە دەتوانن ببنە هێزێکی وەڵامدەرەوەی ئێران و ئیسرائیل، هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ دروستکردنی ئاڵۆزی لە ئێراندا سەرکەوتوو نابێت، ڕووبەڕووبوونەوەش لە نێوان تاران و واشنتۆندا چارەنووسسازە، چونکە دوژمن سەرپشکیان دەکات لە نێوان جەنگ و بەرپاکردنی ئاڵۆزی لە ناوچەکەدا.

ئەو وتانەی ئەو لێپرسراوە سەربازییەی ئێران لەکاتێکدایە، محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران، چارەسەری دیپلۆماتیی خێرای بەدوور زانی، ئەگەر بێت و هەر قەیران و ڕووبەڕووبوونەوەیەک لە نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا بێتە ئاراوە.

زەریف هۆکاری نەبوونی چارەسەری بۆ ئەو دۆخە گەڕاندووەتەوە بۆ نەبوونی کەناڵی پەیوەندیی لە نێوان هەردوو وڵاتدا.

سەبارەت بە ئەگەری پەیوەندیکردن بە مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکاشەوە، بە مەبەستی دانانی سنورێک بۆ قەیرانی نێوان هەردوو وڵات، جەواد زەریف وتی، "هەرکاتێک پۆمپیۆ قسە دەکات دەربارەی ئێران، سوکایەتیمان پێ دەکات، بۆیە تەنانەت ئامادە نیین وەڵامی پەیوەندیشی بدەینەوە."

ئەو لێدوانانەی بەرپرسە سەربازی و دیپلماتییەکانی ئێران لە کاتێکدایە، دوێنێ هەینی تیمی بە دواداچوون لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن، ئەو جۆرە چەک و تەکنەلۆژیایانەی کە ئێران نمایشییان دەکات، یان دزرا و کۆپی کراوی چەکی دیکەن یاخود لە بنەڕەتەوە هەر بونیان نییە.

ماوەی دوو هەفتەیە لێپرسراوە باڵاکانی ئەمریکا و ئێران لێدوانی توند لە دژی یەکتر دەدەن و هەریەکەیان زمانی هەڕەشەکانی زیاتر کردووە، بەتایبەت دوای ئەوەی ئەمریکا لە دوێنێوە بڕیاریداوە چەک و جبەخانە و هێزی سەربازیی زیاتر ڕەوانەی ناوچەی کەنداو بکات، وەک خۆی دەڵێت، بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی ئێرانە لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا.

ع.م