سەردێڕ:

ئەنجومەنى ئاسایش بڕیارێکى نوێى لەسەر عێراق دەرکرد

فۆتۆ: 
2019-05-25

12644 جار خوێندراوەتەوە

نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە حکومەتى عێراق دەکات پێداچوونەوە بە دەستووردا بکات و ناوچە کێشەلەسەرەکانیش چارەسەر بکات.

ئەنجومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى لە کۆبوونەوەى ٢١ى ئەم مانگەدا بڕیارى ژمارە ٢٤٧٠ى لەبارەى عێراقەوە دەرکرد کە چەند خاڵێک لەخۆدەگرێت، کە یەکێک لە خاڵەکان درێژکردنەوەى ماوەى نێردەى نەتەوە یەکگرتووەکانە لە عێراق بۆ ساڵێکى تر، کە لە ٣١ى ئەم مانگە کۆتایى دێت.

بەپێى بڕیارەکە، جانین هێنس بیلاسخارت نێردەى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەبێت ئامۆژگاریی بەغدا بکات بۆ پاڵپشتیکردنى لە گفتوگۆى سیاسیی نیشتمانیی گشتى و، هاوکاریان بێت لە دانانى ڕێوشوێنە پێویستەکان بۆ بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنەکان و ڕاپرسى لە وڵاتدا.

بەپێى بڕیارەکە، دەبێت نێردەى نەتەوە یەکگرتووەکان هاوکاریی حکومەتى عێراق بکات لە پێداچوونەوە بە دەستوور و جێبەجێکردنى بەندەکانى و، لەگەڵ بەغدا ڕێوشوێن دیارى بکەن بۆ چارەسەرکردنى گرفت و کێشەى ناوچە کێشەلەسەرەکان.

ئەنجومەنى ئاسایش سەربەخۆیى و یەکپارچەیی خاکى عێراقی دوپاتکردەوە و بەڵێنی دا پاڵپشتى بکات لە دابینکردنى ئارامى و ئاسایش و ئاشتەواییدا.

نێردەى نەتەوە یەکگرتووەکان (یونامى) نێردەیەکى سیاسییە و لە ساڵى ٢٠٠٣ بەپێى بڕیارى ژمارە ١٥٠٠ى ئەنجومەنى ئاسایش دامەزراوە.

ب.ب