سەردێڕ:

عەبادى: هەرێمى کوردستان رادەستى چەند گروپێک لەناو حزبەکاندا کراوە

فۆتۆ: 
2019-05-25

7434 جار خوێندراوەتەوە

حەیدەر عەبادى رایگەیاند، ژمارەى موچەخۆرانى هەرێمى کوردستان لە ساڵێکدا لەسەدا پەنجا زیادیکردووە و داهاتى نەوتیش نادیارە.

سەرۆک وەزیرانى پێشووى عێراق لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵى فەرمى عێراقییە ئاماژەى بەوەداوە، کاتێک لیژنەیەکی تایبەتی لە بەغداوە ڕەوانەی هەرێم کرد تا لێکۆڵینەوە لە ژمارەی ڕاستەقینەی فەرمانبەران بکەن و دەرکەوت جیاوازیی زۆر لە نێوان ڕێژەی داواکراوی دەسەڵاتدارانی هەرێم و لێکۆڵینەوەکەی ئەواندا هەبووە کە ئەو کات ١٠٠ هەزار فەرمانبەر بوو.

وتیشى ژمارەى فەرمانبەرانى هەرێم لەساڵى ٢٠١٩ بەراورد بە ساڵى ٢٠١٨ لەسەدا پەنجا زیادیکردووە، بەبێ ئەوەى هیچ پاساوێک هەبێت بۆ ئەو زیادکردنە.

باسى لەوەشکردووە، لەسەردەمى دەسەڵاتى ئەودا موچەى فەرمانبەرانى هەرێمى نەبڕیوە، بەڵکو خستویەتییەوە چوارچێوە یاساییەوە و رەتیکردووەتەوە موچە بدات بە حزبەکان، چونکە بەسەر لایەنگرانى خۆیاندا دابەشیان دەکرد.

عەبادى دەشڵێت هەرێمى کوردستان رادەستى چەند گروپێک لەناو حزبەکاندا کراوە کە نەوت هەناردە دەکەن و داهاتەکەشى نادیارە.

ب.ب