سەردێڕ:

ئەمریکا ئەنجامی لێکۆڵینەوەی هێرشی سەر باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا ئاشکراکرد

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا
فۆتۆ: ئەرشیف
2019-05-25

7776 جار خوێندراوەتەوە

لێپرسراوێکی ئەمریکا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی کەوتنەوەی گولــلە کاتیۆشاکەی ناوچەی سەوزی بەغدای نزیک باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی ئاشکرا کرد.

مایکل گیلدای یەکێک لە لێپرسراوەکانی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، ئەمڕۆ شەممە (٢٥ی ئایاری ٢٠١٩) ڕایگەیاند "بە گوێرەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی بۆردومانکردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، دەرکەوتووە بریکارەکانی ئێران موشەکەکەیان ئاراستەی نزیکی باڵیۆزخانەکە کردووە".

ئەو لێپرسراوەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ ژمارەیەک لە رۆژنامەونووسان ئاشکرایکردووە "لێکۆڵینەوەکان پشتی بە زانیارییە هەواڵگرییەکان و بەڵگە کۆکراوەکانی شوێنی بۆردومانەکە بەستووە".

 ڕۆژی ١٩ی ئایاری ٢٠١٩ سەرچاوەیەکی ئەمنیی عێراق ڕایگەیاند، گولـلە کاتیۆشایەک ئاراستەی ناوچەی سەوزی بەغدا کراوە و، لە نزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکا کەوتووەتەوە و  بەهۆیەشەوە کاروچالاکی باڵیۆزخانەکە بۆ چەند کاتژمێرێک ڕاگیرا.

بەر لە هێرشەکە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بڵاویکردەوە، بەهۆی مەترسی هێرش لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کاروباری باڵیۆزخانەکەیان ڕاگرتووە و بەشێک لە فەمانبەرەکانیان کشاندووەتەوە.

سەرباری ئەوەی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جەخت لەوە دەکەنەوە کە شەڕ لە نێوانیاندا روو نادات، بەڵام چاودێرانی سیاسی دۆخی ئێستا و لێدوانی بەرپرسانی نێوان هەردوو وڵات بە مەترسیدار دەزانن، سەبارەت بە ئەگەری بەرپابوونی جەنگ لە نێوانیاندا.

 

ع.م