سەردێڕ:

لایەنگرانی سەدر لە مەیدانی تەحریر خۆپیشاندانیان دەستپێکرد

فۆتۆ: 
2019-05-24

1862 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، بەغدا، ئومێد محەمەد

بۆ ناڕەزایی دەربڕین لە بەرامبەر تێوەگلانی عێراق لە ململانێکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، بەشێک لە لایەنگرانی موقتەدا سەدر و ڕەوتی مەدەنی شوعیەکان لە مەیدانی تەحریر خۆپیشاندانیان دەستپێکرد.

پەیامنێری دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، ئەمشەو لەسەر داوای موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق جگە لە شاری نەجەف خۆپیشاندان بەڕێوەدەچێت.

ئەوەشی خستەڕوو، سەرپەرشتیارانی خۆپیشاندانەکان لە بەیاننامەیەکدا داوا لە سیاسییەکانی عێراق دەکەن ئەو کەسانەی لە میدیاکانەوە پشتیوانی لە ئاڕاستەی ئەمریکی یان ئێرانی دەکەن دووربخرێنەوە و عێراق نەخرێتە ناو ئەو ململانێیانەوە.

باسی لەوەشکرد، خۆپیشاندەران سێ دروشمیان بەرزکردووەتەوە کە بریتیە لە " نا بۆ جەنگ، بەڵی بۆ ئاشتی و عێراق ئامانجمانە".

ئەوەش لە کاتێکدایە سەرچاوەیەک لە پۆلیسی شاری بەغدا ڕاگەیاندووە، بەهۆی خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆ هەینی پردی کۆماری کە دەچێتە ناوچەی سەوز داخراوە و هێزەکانی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا لە نزیک مەیدانی تەحریر بڵاوەیان پێکراوە.

هـ.ع