سەردێڕ:

وێنە.. ئەمریکا نهێنی چەند جۆرێک چەکی ئێران ئاشکرا دەکات

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران لەناو فڕۆکەی جۆری کەوسەر لە کاتی نمایشیکردنی
فۆتۆ: ئەرشیف
2019-05-24

37297 جار خوێندراوەتەوە

دەسەڵاتدارانی ئێران ماوە بە ماوە چەند جۆرێک لە چەکی نوێ ڕادەگەیەنن، بەڵام تیمی بە دواداچوون لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن، ئەو جۆرە چەک و تەکنەلۆژیایانەی کە ئێران نمایشییان دەکات، یان دزرا و کۆپی کراوی چەکی دیکەن یاخود لە بنەڕەتەوە هەر بونیان نییە.

لە ڕاپۆرتێکدا تیمێکی بە دواچوونی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ئەمڕۆ هەینی (٢٤ی ئایاری ٢٠١٩) چەندین وێنە و ڤیدیۆی ئەو چەکانەی ئێرانی بڵاوکردووەتەوە کە گوایە دروستکراو و داهێنراوی ئەو وڵاتەن، بەڵام لە کۆپیکردن و ئەنجامدانی هەندێک گۆڕانکاری هیچی تر نییە کە پێشتر لە دەوڵەتانی دیکە دروستکراون.

لە ناو ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە کراوە بە جۆرێک لە فڕۆکەی جەنگی و هەلیکۆپتەری سەربازی کە گوایە دروستکراوی ناوخۆییە، بەڵام لە ڕاستیدا یان دەستکاری کراون یان کۆپیکراوی وڵاتی دیکەیەن.

ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئاماژەی بە فڕۆکەی جەنگی "کەوسەر" کردووە، کە تاران لە هاوینی ساڵی ٢٠١٨دا ئاشکرایکرد، دەرکەوتووە فڕۆکەی جەنگی (ئێف ٥ی ئەمریکییە ) و هەندێک گۆڕانکاریی تێدا کراوە.

وەک لە ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا ئاماژەی پێکراوە، لە ساڵی  ٢٠١٣ دا دەسەڵاتدارانی ئێران، وێنەی فڕۆکەیەکی دیکەی جەنگییان نمایش کرد بە ناوی (قاهری شەبەح) بە واتای لەناوبەری شەبەحی ئەمریکی، بەڵام دواتر ئاشکرا بووە کە ئەوەی نمایشکراوە جگە لە یارییەک هیچی تر نییە و بە هیچ شێوەیەک توانای فڕینی نییە.

لە ساڵی ٢٠١٠ دەسەڵاتدارانی ئێران هەواڵی دروستکردنی فڕۆکەیەکی هەلیکۆپتەریان بە ناوی (تۆفان٢) ڕایگەیاند، بەڵام لە ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا ئاماژە بەوە کراوە، ئەو هەلیکپۆتەرە هەمان هەلیکۆپتەری جۆری (کۆبرا)ی ئەمریکایە و لە لایەن دامەزراوە سەربازییەکانی ئێرانەوە هەندێک گۆڕانکاری تێدا کراوە.

 لە ساڵی ٢٠٠٩ دەسەڵاتدارانی ئێران، هەلیکۆپتەرێکی دیکەی سەربازییان ئاشکرا کرد بە ناوی (شاهید) بەڵام دوای وردبوونەوە لە وردەکارییەکانی، ئاشکرا بوو کە  هەلیکۆپتەری (بیل٢٠٦)ی کەنەدییە.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکردووە لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٨دا ئێران ڕایگەیاند، تاقیکردنەوەیەکی موشەکی بالیستی بە سەرکەوتوویی ئەنجامداوە بە ناوی (فاتیح موبین) بەڵام دوای توێژینەوە و بەدواداچوونی ورد، دەرکەوتووە هیچ جۆرە موشەکێک ئاراستەی ئامانجەکە نەکراوە، بەڵکو کارەکە تەنها ئەنجامدانی تەقینەوەیەک بووە کە لە شوێنەکەدا ئەنجام دراوە.

ئەو ڕاپۆرتەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەسەر هەندێک لە چەک و جبەخانەکانی ئێران لە کاتێکدایە، ئاڵۆزییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە ناوچەکە پەرەی سەندووە و لیپرسراوانی ئەمریکا و ئێران بەشێوەیەکی نیمچە ڕۆژانە هۆشداری توند دەدەنە یەکتری.

ع.م