سەردێڕ:

قەڵادزێ.. لەڕووداوێکى هاتوچۆدا هاوڵاتییەک دووجار ئۆتۆمبێل لێیدا و گیانى لەدەستدا

ڕووداوێکى هاتوچۆ
فۆتۆ: 
2019-05-24

10444 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى، قەڵادزێ، ئەیوب عەلى

بەیانى ئەمڕۆ لە ڕووداوێکى هاتوچۆدا لە قەڵادزێ شۆفێری ماتۆرسکیڵێک لەلایەن دوو ئۆتۆمبێلەوە لێی دراو گیانى لەدەستدا.

شۆڕش ئیسماعیل وتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین بەدیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕتی ڕاگەیاند، ڕووداوەکە لەگەڕەکى ئاشتى قەڵادزێ لەنێوان ئۆتۆمبێلێک و ماتۆرسکیڵێکدا ڕوویداوە و سەرئەنجام شۆفێڕى ماتۆڕسکیلەکە گیانى لەدەستداوە

لەبارەى چۆنییەتى دروستبوونى ڕووداوەکە، ئاماژەى بەوەکرد، به‌ وته‌ی شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە ماتۆڕسكیله‌كه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی شه‌قام هاتووه‌ و ئه‌ویش له‌ كۆڵانێكه‌وه‌ ویستویه‌تی بچێته‌وه‌ سه‌ر سایدی خۆی، لەناکاو ماتۆڕسكیله‌كه‌ خۆی خستووەته‌ به‌رده‌م ئۆتۆمبێله‌كه‌ی و دواتر فڕێی داوه‌ته‌ سایدی به‌رامبه‌ر و له‌و سایده‌ش بۆ جاری دووه‌م ئۆتۆمبێلێكی جۆری ( توێتا پیكاب) ئه‌و هاوڵاتیه‌ی شێلاوه‌ به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ گیانی له‌ده‌ستداوه‌.

 وتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕوونیشیکردەوە، به‌ بڕیاری دادوه‌ر شۆفێری هه‌ردوو ئۆتۆمبێله‌كه‌ ڕاگیر كراون، مه‌له‌فی لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ ڕووداوه‌كه‌ كراوه‌ته‌وه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ش به‌رده‌وامه‌.

ڕووداوەکانی هاتوچۆ بە یەکەم هۆکاری گیانلەدەستدانی هاوڵاتیان دادەنرێت لە هەرێمی کوردستاندا، بەپێی ئامارەکانیش، لە ١٥ ساڵى ڕابردوودا، زیاتر لە ١٠ هەزار کەس لە هەرێمى کوردستان بەهۆی ڕووداوەکانى هاتوچۆوە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ١٠٠ هەزار هاوڵاتی دیکەش کەمئەندام و برینداربوون.

ئ.ر