سەردێڕ:

پێشمەرگە و سوپاى عێراق لەسەر چەند خاڵێکى ئەمنى و مرۆیی رێککەوتن

فۆتۆ: 
2019-05-24

5002 جار خوێندراوەتەوە

جێگرى بەرپرسی میحوەرى ڕۆژئاواى دیجلەى هێزەکانى پێشمەرگە ڕایگەیاند، پێشمەرگە و سوپاى عێراق لە سنورى میحوەرەکە لەسەر چەند خاڵێکى ئەمنى و مرۆیی رێککەوتن.

لیوا هاشم سیتەیی بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ ئاماژەى بەوەکردووە، "رێککەوتنى پێشمەرگە لە رۆژئاواى دیجلە لەگەڵ فیرقەى ١٥ى سوپاى عێراق-ە و بۆ دابینکردنى ئاسایش نەهێشتنى بۆشایی ئەمنى و پاراستنى خەڵکى رۆژئاواى دیجلەیە بە سەرجەم پێکهاتەکانییەوە، هەماهەنگى کراوە بە هاوبەشى رووبەڕووى جموجۆڵەکانى تیرۆریستانى داعش ببنەوە".

بەوتەى ئەو فەرماندەیەى پێشمەرگە، لە چوارچێوەى رێککەوتنەکە رێگاکانى نێوان قەزاى زوممار و ناحیەى رەبیعە لەگەڵ رێگاکانى سحێلا و دهۆک کراوەتەوە و هاوڵاتییانى سنوورەکە بەبێ بوونى هیچ کێشەیەک دەتوانن هاتوچۆ و کار و بارزگانى بکەن.

ڕوونیشیکردووەتەوە، دوو لیژنەمان پێکهێناوە لە مانگێکدا دوو کۆبوونەوە یان زیاتر بە مەبەستى نەهێشتنى بۆشایی ئەمنى و پاراستنى ئاسایشى خەڵک دەکەن، زانیارى کۆبوونەوەکانیان و دوایین پێشهاتەکانى ناوچەکە بە سەرووى خۆیان دەگەیەنن.

لەبارەى ئەو شوێنانەى کە ڕێککەوتنەکەى تێدا جێبەجێدەکرێت، بەرپرسی میحوەرى ڕۆژئاواى دیجلەى هێزەکانى پێشمەرگە باسی لەوەکردووە، ئەم رێککەوتنە لە سەرتاسەرى سنوورى ناحیەى زوممار و رەبیعە جێبەجێ دەکرێت، بەڵام دۆخى قەزاى شنگال جیاوازە و رێککەوتنێکى لەو چەشنە تا ئێستا بوونى نییە.

ئەوە لەکاتێکدایە تائێستا دۆخى ئەمنى ئەو ناوچانە سەقامگیرى بەخۆوە نەبینیوە و چەکدارانى داعش هەندێکجار جموجوڵى چەکداریی لەو سنورانە ئەنجامدەدەن.

ئ.ر