سەردێڕ:

وردەکاریی هەڵبژاردنى پەرلەمانى یەکێتى ئەوروپا

تا 26 ئایار بەردەوام دەبێت
فۆتۆ: 
2019-05-24

1790 جار خوێندراوەتەوە

لەگەڵ زیادبوونی هەژموونی ڕەوتە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان لە ئەوروپا، کە دژی یەکێتی ئەوروپا و چوونی کۆچبەرانن بۆ وڵاتەکانیان، هەڵبژاردنی پەرلەمانی نوێی یەکێتی ئەوروپا بۆ نۆیەمین جار دەستیپێکرد.

لەهەڵبژاردنەکەی ئەمساڵدا نزیکەی ٤٢٧ ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە، کە لە ڕۆژانی نێوان ٢٣ و ٢٦ ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و سەرەتاکەشی لە هۆڵەندا و بەریتانیاوە دەنگدان دەستیپێکرد و بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرەکانی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا.

هۆڵەندا کە ٢٦ کورسی پەرلەمانی لە یەکێتی ئەوروپا بۆ تەرخانکراوە، پێشبینی دەکرێت پارتی (کۆڕبەندی دیموکراسی) زۆرینەی دەنگەکان بەدەستبهێنێت کە سەرۆکەکەی دەخوازێت ئەوروپا بەڕووی دەرەوەدا دابخرێت.

هەرچی بەریتانیاشە حزبی بریکزت کە داوای دەرچوونی بەپەلە و بە بێ ڕێککەوتن لە یەکێتی ئەوروپا دەکات، پێدەچێت بە وتەی چاودێران زۆرینەی دەنگەکان بەدەستبهێنێت.

پەرلەمانی ئەوروپا لە ٧٥١ ئەندام پێکهاتووە و گەورەترین کوتلەی ناو پەرلەمانەکە پارتی گەلی ئەوروپایە کە خاوەنی ٢٢١ ئەندامە، دوای ئەویش هاوپەیمانێتی سۆسیالیست و دیموکراتەکان دێت، کە خاوەنی ١٩١ ئەندامە.

یەکێتی ئەوروپا لە ٢٨ ئەندام پێکدێت و هەموو پێنج ساڵێکیش بەدەنگدانی گشتیی و ڕاستەخۆ هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی یەکێتیەکە دەکرێت.

ڕێژەی بەشداریی لە هەڵبژاردنەکەی ٢٠١٤ دا ٤٢،٢% بووە کە بەنزمترین ئاستی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی یەکێتی ئەوروپا ناودەبرێت.

جیاوازی ئەم هەڵبژاردنانەی ئەمساڵ کشانەوەی بەریتانیایە لە یەکێتی ئەوروپا کە بەهۆیەوە پەرلەمانی داهاتووی یەکێتی ئەوروپا ٧٣ ئەندام کەمدەکات کە ئەگەر بەتەواوی بەریتانای لە یەکێتیەکە جیابێتەوە.

ئەندامانی یەکێتییەکەش هەر جارەی لەو بارەگایانەی کۆدەبنەوە کە دەکەونە شاری برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا و شاری ستراسبۆرگ لە ڕۆژهەڵاتی فەڕەنسا هۆڵەندا و بەلجیکاوە.

ئەم هەڵبژاردنە بە یەکەم گەورەترین پرۆسەی دەنگدانی دیموکراسی نا نیشتیمانی لەجیهاندا و بە دووەم گەورەترین پرۆسەی هەڵبژاردنی دیموکراسی لەدوای هیندستان ناودەبرێت.

پەرلەمانی ئەوروپا سێ دەسەڵاتی هەیە، کە ئەوانیش دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی چاودێری و دەسەڵاتی سەر بودجەی گشتی یەکێتییەکەیە.

هەرچی کۆمسیۆنی ئەوروپاشە کە باڵی جێبەجێکاری یەکێتی ئەوروپایە، پابەند دەکرێت بە ئامادەبوونی لەبەردەم پەرلەمانی ئەوروپا و لێپرسینەوە لەگەڵیدا.