سەردێڕ:

داود ئۆغڵۆ: تورکیا بەهۆى قەیرانى ئابوورییەوە بێهیوا دەبێت

بارودۆخى تورکیا
فۆتۆ: 
2019-05-23

3895 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانى پێشووى تورکیا ڕایگەیاند، بەهۆى قەیرانى ئابووری و جیاوازیە سیاسییەکان و نەمانى بەها کۆمەڵایەتییەکان گەلى تورکیا بێهیوا دەبێت.

ئەحمەد داود ئۆغڵۆ سەرۆک وەزیرانى پێشووى تورکیا لە ئێوارە خوانێکدا لە ئەنقەرە ڕایگەیاند، دەتوانرێت دەسەڵات لەدەست بدەیت و جارێکیتریش بیبەیتەوە و بگەیتەوە دەسەڵات.

داود ئۆغڵۆ کە هاوکات ئەندامى باڵاى پارتى داد وگەشەپێدانى فەرمانڕەوایە ڕایگەیاند، تەنها شتێک هەیە کە لەدەستى بدەیت ناتوانرێت چارەسەر بکرێت، ئەوەش هیوا و ئاواتە.

داود ئۆغڵۆ کە لەلایەن ئەرۆغانەوە پەراوێزخرا و لە ٢٠١٦ ناچار بە دەست لەکارکێشانەوە کرا ڕایگەیاند، ئەوانەى هیوا و ئاواتیان لەدەستداوە ناکرێت داهاتوویان بۆ دیاری بکرێت، چونکە ترس ناتوانێت ببێتە پاڵنەرێک بۆیان.

ئۆغڵۆ داواى کرد کۆتایى بهێنرێت بە ڕۆچوونى بەها کۆمەڵایەتییەکان، چونکە کۆمەڵگا داخراوەکان بوەتە هۆى خراپبوونى دۆخى ژیان، وەک ئەوەى لە عێراق ڕوویداوە لە موسڵ و بەغدا چۆن شارەکان دابەشى چەند گەڕەکێک و ناوچەیەکى دابڕاو لەیەکتربوون ، کە لە داهاتوودا نەوەیەکى دابڕاو لە یەکتر پێکدێنێت.

لە چەند هەفتەى ڕابردوودا داود ئۆغڵۆ بێدەنگى شکاند و ڕەخنەى توندى لە پارتى داد و گەشەپێدانى تورکیا و سیاسەتەکانى رەجەب تەیب ئەردۆغان گرت لەدواى شکسهێنانى لە هەڵبژاردنى شارەوانییەکانى ئەستەنبوڵ لە ٣١ى ئازارى ڕابردوودا.

ب.ب