سەردێڕ:

پەرلەمانتارێکى کورد لە داواکارى گشتى عێراق سكاڵاى له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم تۆماركرد

لەسەر پرسی موچە
فۆتۆ: 
2019-05-23

6896 جار خوێندراوەتەوە

بە تۆمەتى بەکارهێنانى پارەى موچەى فەرمانبەران بۆ دانەوەى قەرز، پەرلەمانتارێکى کورد لە داواکارى گشتى عێراق سکاڵای لەسەر حکومەتى هەرێم تۆمارکرد.

غالب محەمەد ئەندامی پەرلەمانى عێراق بە ئێن ئاڕتى ڕاگەیاند، لەسەر دوو پرس لە داواکارى گشتى عێراق سکاڵاى لەسەر حکومەتى هەرێم تۆمارکردووە.

ئاماژەى بەوەشکرد، پرسی یەکەم موچەى فەرمانبەرانە کە بەغدا چوار موچەى ناردووە، بەڵام هەرێم تەنها دوو موچەى دابەشکردووە و پارەکەى دیکەى داوەتەوە بە قەرز کە ئەوەش کارێکى نایاساییە و دەبێت پارەکە بدرێتە فەرمانبەران.

وتیشی، سکاڵاى دووەمیان لەسەر گواستنەوەی کەسێکە بە ناوى ئەبوبەکر حامد عەبدوڵا لە داواکارى گشتى هەولێرەوە بۆ قەزای خەبات کە ناوبراو داواى مافی خەڵکی لە حکومەتى هەرێم کردبوو.

غالب محەمەد جەختى لەوەشکردووە، ئەگەر داواکارى گشتی کار لەسەر دوو سکاڵاکەى نەکات، ئەوا لە دادگاى فیدڕاڵی سکاڵا لەسەر حکومەتى هەرێم تۆماردەکاتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ماوەی ڕابردوودا حکومەتی بەغدا موچەی چوار مانگی فەرمانبەرانی هەرێمی ناردووە بەڵام تاوەکو ئێستا تەنها موچەی دوو مانگ بەبێ پاشەکەوت دابەشکراوە و حکومەتی هەرێم لەو پارەیە قەرزی کۆمپانیاکانی پێداوەتەوە.