سەردێڕ:

هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا بەڕێوەدەچێت

بارەگای پەرلەمانی ئەوروپا لە ستراسبۆرگ، فەڕەنسا
فۆتۆ: 
2019-05-23

1116 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ لە بەریتانیا و هۆڵەندا هەڵبژاردنی ئەندامانی نوێی پەرلەمانی ئەوروپا بەڕێوەدەچێت و، بڕیارە دواتریش لە وڵاتانی دیکەی یەکێتییەکە هەڵبژاردنەکە بەڕێوەبچێت.

یەکێتیی ئەوروپا لە ٢٨ وڵات پێکدێت و هەموو پێنج ساڵ جارێک بە دەنگدانی گشتیی ڕاستەوخۆ هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی یەکێتییەکە دەکرێت و، لە سەرجەم وڵاتەکانیشدا زیاتر لە ٤٠٠ ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە.

پەرلەمانی ئەوروپا لە ٧٥١ ئەندام پێکهاتووە، گەورەترین کوتلەی پەرلەمانەکە لە پارتی گەلی ئەوروپا پێکهاتووە، کە خاوەنی ٢٢١ ئەندامە، دوای ئەویش هاوپەیمانێتیی سۆسیالیست و دیموکراتەکان دێت کە خاوەنی ١٩١ ئەندامە.

جیاوازیی هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی ئەوروپا، کشانەوەی بەریتانیایە لە یەکێتیی ئەوروپا، کە بەهۆیەوە پەرلەمانی داهاتووی یەکێتییەکە ٧٣ ئەندام کەمدەکات، ئەگەر بە تەواوەتی بەریتانیا لە یەکێتییەکە جیاببێتەوە.

ئەندامانی یەکێتییەکەش هەرجارەی لە بارەگایەکیان کۆدەبنەوە، کە دەکەونە شاری برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا و ستراسبۆرگ لە ڕۆژهەڵاتی فەڕەنسا و هۆڵەندا و بەلجیکا.

هـ.ع