سەردێڕ:

پنتاگۆن تاوتوێی ناردنی پێنج هەزار سەرباز بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات

فۆتۆ: 
2019-05-23

2917 جار خوێندراوەتەوە

دوو بەرپرسی باڵای ئەمریکا باسیان لەوەکرد، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) تاوتوێی ناردنی پێنج هەزار سەرباز بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، ئەوەش دوای بەردەوامی گرژییەکان لەگەڵ ئێراندا دێت.

پاتریک شانهان، وەزیری بەرگری ئەمریکا بەوەکالەت لە وتەیەکدا لەبەردەم ئەندامانی کۆنگریس کە تایبەت بوو بە روونکردنەوەی هۆکارەکانی ناردنی هێزی ئەمریکا بۆ کەنداو رایگەیاند، جوڵەی سەربازی هێزەکانیان لە کەنداو بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی ئێرانە و زیاتر هەنگاوێکی بەرگرییە و نایانەوێت جەنگ رووبدات.

ئەوەشی خستەڕوو، واشنتن پلان بۆ کەمکردنەوەی مەترسیەکانی سەر سەربازانی ئەمریکی لە ناوچەکە دادەنێت، ئەوەش لە رێگای پیشاندانی هێزی سەربازی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.

هەروەها مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆبونەوەکەدا هەندێ زانیاری پشتڕاستکراوەی سەبارەت بە مەترسیەکانی ئێران لەسەر سەربازانی ئەمریکا لە کەنداو پێشکەش کردووە.

پۆمپیۆ باسی لەوەکردووە، "ئامانجمان لە کۆکردنەوەی هێز لە کەنداو هەنگاوێکی بەرگریییە نەک خواستی جەنگ، لە قۆناغی ئێستادا هەموو فکرمان لەسەر ئەوەیە ڕێ لە هەر هەنگاوێکی هەڵەی ئێران لە ناوچەکەدا بگرین".

ئەوەش لەکاتێکدایە، سەرباری زیادبوونی ئاڵۆزی و لێدوانە توندەکانی نێوان واشنتۆن و تاران، بەرپرسانی باڵای هەردوولا جەختیانکردووەتەوە کە نایانەوێت دۆخەکە بگاتە جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی.

هـ.ع