سەردێڕ:

جوتیارانی گوندی چەوتان لە پێنجوێن دەستیان بە چاندنی چەڵتوک کرد

فۆتۆ: 
2019-05-23

806 جار خوێندراوەتەوە

گوندی چەوتان لەڕووی ئیدارییەوە سەربە قەزای پێنجوێنە، برنجی ئەم گوندە لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقەوە وەکو یەکێک لە برنجە باشەکان پۆلێن کراوە.

پێچه‌وانه‌ی ساڵانی ڕابردوو به‌هۆی زیادبوونی ڕێژه‌ی ئاوه‌وه‌ ئێستا لە زۆر ناوچە کوێستانییەکان ئه‌م جوتیاره‌ و هاوپیشەكانی تری سه‌رقاڵی چاندنی چه‌ڵتوكن، لە مانگی پێنجی هەموو ساڵێک دەست بە چاندنی دەکرێت و لە مانگی ١٠ دروێنە دەکرێت.

بە گشتی چه‌ند ساڵێكه‌ لە سنووری پێنجوێن بەرهەمهێنانی برنج زۆر کەمبووه‌ته‌وه‌، ئەمەش لەکاتێکدا باشترین جۆری برنجی هەیە و نرخیشی لە بازاڕدا هەمیشە گرانترە.

ئەو جوتیارانەی كە بە ماندوبوونێكی زۆر بە ڕێگای سروشتی برنج بەرهەمدەهێنن، نیگەرانن لەوەی كە لە بازاڕ و چێشتخانەكاندا برنجی ساختە و هاوردەکراو بە نرخی برنجی خۆماڵی دەفرۆشن.

به‌پێی‌ ئاماره‌كانی‌ كشتوكاڵ، ساڵانه‌ له ‌سنووری‌ گونده‌كانی‌ شاره‌زوور و پێنجوێندا نزیكه‌ی‌ ١٥٠ ته‌ن برنج به‌رهه‌مده‌هێنن، به‌ڵام به‌رپرسانی‌ كشتوكاڵی‌ ناوچه‌كه‌ ده‌ڵێن، ئه‌و چه‌ڵتوكه‌ی‌ ساڵانه‌ به‌رهه‌مده‌هێنرێت، پێداویستییه‌كانی‌ ناوخۆیی پڕناكاته‌وه.

برنجی كوردی بەراورد بەو برنجانه‌ی ئێستا کە لە بازاڕدا هەن، تام ‌و بۆنێكی خۆشتری هەیە و لای زۆر کەس وەکو خواردنێکی دەگمەن ناودەبرێ، ئەو گرانی و دەگمەنییەی پەیوەندی بەوەوە هەیە کە زۆر کەم لە کوردستان بەرهەمدەهێنرێت.