سەردێڕ:

کازم فاروق: باری تەندروستی شاسوار عەبدولواحید ناجێگیرە و مانی لە خواردن گرتووە

نزیکەى هەفتەیەکە دەستگیرکراوە
فۆتۆ: 
2019-05-22

31578 جار خوێندراوەتەوە

کازم فاروق ڕایگەیاند، شاسوارعەبدولواحید زیاتر لە ٦ ڕۆژە لە زیندانی تاکە کەسیدایە و باری تەندروستی ناجێگیرە و مانی لە خواردن گرتووە.

کازم فاروق  سەرۆکى فراکسیۆنی نەوەى نوێ لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاندووە، "ئەمەی یەکێتی لە سلێمانی بەرامبەر بە سەرۆک و ئەندامانی گەورەترین هێزی ئۆپۆزسیۆن دەیکات، سوکایەتیە بە هەموو بەهاکانی دیموکراسی و ناشرینکردن و لەکەدارکردنی ڕووی جوانی شاری سلێمانی یە، کە بە شاری ڕۆشنبیری و فرە دەنگو ڕەنگ و ڕای جیاواز ناسراوە".

ئەوەشی وتووە "کاتی ئەوەیە کە هاوڵاتیان و ڕۆشنبیران و دادوەرەکان و یاساناسان و ڕۆژنامەنوسان و مامۆستایان و سەرجەم چین و توێژەکانی تر ئەم سوکایەتیە قبوڵ نەکەن و ڕێگە نەدەن دەنگە ئازا و بوێرەکان کپ بکرێت".

ئەمەش لە کاتێکدایە، حەوت ڕۆژ بەسەر دەستگیرکردنى شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەى نەوەى نوێ تێپەڕی و کاردانەوەکانى دەستگیرکردنەکەش بەردەوامن.

لە چوارچێوەی کاردانەوەکاندا حزب و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵی مەدەنی و پەرلەمانتاران و چاودێرانى سیاسی، باسی ئەوە دەکەن دەستگیرکردنى سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ و ئەندامانیان بووەتە هۆی ئەوەى هێندەى دیکە ھاوڵاتییان متمانەیان بە جێبەجێکردنی یاسا کەمترببێتەوە.

٣٠ ڕێکخراوی کۆمەڵی مەدەنی لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ لایەنە فەرمی و پەیوەندیدارەکان و رای گشتی و سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەکانیان ناردووە رایانگەیاند، خوازیاربوون ساڵ لە دوای ساڵ فرەیی سیاسی و ئازادیی رادەربڕین و دەنگ و وجوودی ئۆپۆزسیۆنانە، کە دیاردە و رواڵەتێکی دیموکراسی و خەباتی مەدەنی و ئاشتییانەی سەردەمە، برەو بسەنێت و ڕێچکەی دروستی خۆی بگریتەبەر، بەڵام وەک خۆیان دەڵێن، بە داخەوە پێشێلکاریی گەورە و گەڕانەوە بۆ دواوە لە بوارە مەدەنییەکاندا بەرچاو دەکەوێت.