سەردێڕ:

​بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە ئاگادارییەکی سەبارەت بە دابینکردنی چێشتلێنەری حاجییان بڵاوکردەوە

فۆتۆ: 
2019-05-22

1066 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی ھەرێم لە ئاگادارییەکدا داوا لەو کەسانە دەکات کە پیشەیان چێشتلێنەرە و ئارەزووی سەفەری حەج دەکەن وەک سەرپەرشتیاری پرۆسەی خواردنی حاجییان داواکاری پێشکەش بکەن.

قاسم ره‌سول به‌رزنجی بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرە ڕایگەیاندووە، "ئاگاداری ئەو بەڕێزانە دەکەینەوە کە پیشەیان چێشتلێنەرە لە سنووری پارێزگای ھەولێر، سلێمانی، دھۆک و ئیدارەی گەرمیان و، ئارەزوویانە کە سەفەری حەج بکەن وەک سەرپەرشتییاری پرۆسەی خواردنی حاجییان لە وەرزی حەجی ئەمساڵ ٢٠١٩، داواکاری پێشکەشی حەجی سنوری پارێزگاکەی خۆیان بکه‌ن لە ڕۆژی شەممەوه‌ ڕێكه‌وتی ٢٥ی ئایاری ٢٠١٩ بۆ ماوه‌ی سێ ڕۆژ،  تا لە سنووری ھەر بەڕێوەبەرایەتییەک بە ئالیەتێکی گونجاو یەکێکیان دەستنیشان بکرێت بەپێی ئەم مەرجانەی خوارەوە:

١. پیشەی سەرەکیی ناوبراو بەگوێرەی ناسنامەی کارکردن چێشتلێنەری بێت.

٢. مۆڵەتی تەندروستیی لە فەرمانگەی تایبەتی تەندروستی ھەبێت، کە ناوبراو ڕێگەپێدراو بێت بۆ ئەو کارەی ئەنجامی دەدات.

٣. لەڕووی جەستەییەوە ھیچ گرفتێکی نەبێت.

٤. تێچووی سەفەری حەج  كه‌ چوار هه‌زار و دووسه‌د دۆلاره‌، لە ئەستۆی خۆی دەبێت.

٥. لە ھەرێمی کوردستان و وڵاتی عەرەبستانی سعودیە پابەندی تەواوی ڕێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە و لیژنەی سەرپەرشتیکردنی خواردن بێت، بۆ ئەم مەبەستەش بەڵێننامە واژوو دەکات.