سەردێڕ:

بەهۆی دەرچوونیان لە ڕیزەکانی یەکێتی هاتوچۆی راپەڕین دوو ئەفسەری گواستەوە

فۆتۆ: 
2019-05-22

3958 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، رانیە، ئەیوب عەلی

دوای ئەوەی دوو ئەفسەری هاتوچۆ بڕیاریاندا واز لە کاری حزبی لەناو یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بهێنن، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی راپەڕین  ئەو دوو ئەفسەرەی لە هاتوچۆی قەڵادزێ-وە بۆ ڕانیە گواستەوە.

لە فەرمانێکی کارگێڕیدا کە بەرواری (٢٢ی ئایاری ٢٠١٩)ی لەسەرە، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی راپەڕین بڕیاریداوە بە گواستنەوەی هەریەک لە هانا نوری عەزیز بەڕێوەبەری بەشی هاتوچۆی پشدەر و، ڕائید ساڵح عەلی عەبدوڵا شێخە بەڕێوەبەری بنکەی هاتوچۆی قەڵادزێ بۆ بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی ڕاپەڕین لە ڕانیە.

هانا عزیز بەڕێوەبەری بەشی هاتوچۆی پشدەر بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تیی ڕاگەیاند، هۆکاری گواستنەوەیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، شەوی رابردوو پۆستێكیان لە ئەکاونتی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوکردووەتەوە و، تێیدا وازهێنانی خۆیان لە ڕیزەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان راگەیاندووە.

باسی لەوەش کرد، بۆ ڕۆژی دواتر فەرمانێکی کارگێڕییان بۆ هاتووە کە باس لەوە دەکات گواستراونەتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی ڕاپەڕین.

جەختی لەوەش کردووەتەوە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هەڵوێستی تەواوەتی خۆیان ڕادەگەیەنن.

هەروەها لە فەرمانە کارگێڕییەکەدا هاتووە، بڕیاردراوە بە دانانی (لوقمان محەمەد ئەمین شێخە رەسوڵ) وەکو بەڕێوەبەری هاتوچۆی پشدەر بە وەکالەت، کە لە ئێستادا بەڕێوەبەری هاتوچۆی ناحیەی ژاراوەیە، لەگەڵ دانانی (عەبدوڵا عەبدولڕەحمان محەمەد) وەکو لێپرسراوی بنکەی هاتوچۆی قەڵادزێ بە وەکالەت، کە لە ئێستادا بەڕێوەبەری هاتوچۆی ناحیەی سەنگەسەرە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی حکومەتی هەرێم  باس لە سەروەریی یاسا و پێوەری توانا و ئەزموون دەکەن وەکو مەرجی وەرگرتنی لێپرسراوێتیی ئیداری، بەڵام لەسەر جیاوازیی بیروڕای سیاسی بە بەردەوامی بەشێک لە کارمەندان و فەرمانبەرانی حکومەت رووبەڕووی گواستنەوە و سزادان بوونەتەوە.

هـ.ع