سەردێڕ:

رۆژهەڵاتی کوردستان.. دوو گەنج شۆفڵێکیان دروستکردووە بە وزەی خۆر کاردەکات

فۆتۆ: 
2019-05-22

6078 جار خوێندراوەتەوە

دوو گەنج لە پارێزگای کوردستان شۆفڵێکیان دروستکردووە کە بۆ کارکردن پشت بە وزەی خۆر دەبەستێت و دەتوانێت کێشی تەنێک هەڵبگرێت.

ئاژانسی هەواڵیی فارس بڵاویکردووەتەوە، دوو گەنج بە ناوەکانی حەمید سەمەدی تەمەن ٢٧ ساڵ و ئامید زەندی تەمەن ٣٦ ساڵ کە دانیشتووی پارێزگای کوردستانن، هەرچەندە بە شێوەیەکی زانستی نەیانخوێندووە، بەڵام توانیویانە چەند داهێنانێک بکەن کە لە دەرەوەی وڵات هاوشێوەی نییە.

بەگوێرەی هەواڵەکە، ئەو دوو گەنجە لە منداڵییەوە هاوڕێی یەکترن و چالاکییەکانیان زیاتر لە بواری چاککردنەوەی کەلوپەلی ناو ماڵ و کارەباییدا بووە، لەم دواییەشدا شۆفڵێکیان دروستکردووە کە بە وزەی خۆر کاردەکات.

حەمید سەمەدی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کردووە، شۆفڵەکە نابێتە هۆی پیسبوونی ژینگە و بە ئاست و توانایەکی بەرز کاردەکات.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، شۆفڵەکە دەکرێت لە شەقامە لاوەکییەکان و رێڕەوە بچووکەکاندا بەکاربهێنرێت.

روونیشیکردووەتەوە، شۆفڵەکە دەتوانێت کێشی تەنێک هەڵبگرێت و تاوەکو دوو تەنیش کێش پاڵبنێت.

شۆفڵەکە جگە لەوەی بە وزەی خۆر کاردەکات، پاترییەکیشی لێ بەستراوە کە دەتوانرێت لە ماڵەوە بارگاوی بکرێتەوە، ئەوەش بۆ ئەوەیە لە رۆژانی زستاندا، کە بۆ ماوەیەک خۆر بەدەرەوە نییە، وەکو وزەی جێگرەوە سوودی لێ وەربگیرێت.

هـ.ع