سەردێڕ:

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: پێدەچێت ئەسەد چەکی کیمیایی لە ئیدلب بەکارهێنابێت

فۆتۆ: 
2019-05-22

757 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە خستنەڕووی چەند بەڵگەیەک گریمانەی ئەوە دەکات، حکومەتی سوریا چەکی کیمیایی لە ئیدلب بەکارهێنابێت و هەڕەشەی وەڵامدانەوەی ئەو کارەش دەکات.

مۆرگان ئۆرتاجوس وتەبێژەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، بەداخەوە ڕژێمی ئەسەد ڕۆژى ١٩ی ئەم مانگە، لەچوارچێوەی ئەو هێرشانەی دەیانکاتە سەر ئیدلب، غازی کلۆری بەکارهێناوە.

وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوە هۆشداریشیدا لەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانان وەڵامێکی پێویست و خێرایان دژی ئەو کارەی بەشار ئەسەد دەبێت.

دووپاتیشیکردەوە، سەرقاڵی کۆکردنەوەی بەڵگەی زیاترن بۆ سەلماندنی ئەو کارە و لە ئەگەری دڵنیابوونەوەی تەواویشدا، وەڵامدانەوەیان دەبێت.

وتیشی، ئەو هێرشەی ئەسەد بۆ سەر ڕۆژئاوای سوریا ئاگربەستی لەنێوان لایەنەکاندا نەهێشت لەکاتێکدا بە ملیۆنان کەس ئێستا لە ئیدلب و دەوروبەری دەژین.

ئیدارەی ترەمپ تا ئێستا دووجار حکومەتى سوریاى بە بەکارهێنانی غازی کلۆر تۆمەتبارکردووە، لە نیسانی ٢٠١٧ و ئەیلولی ساڵی ڕابردووش گەورە بەرپرسێکی کۆشکی سپی چەند بەڵگەیەکی خستەڕوو لەبارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە ئیدلب.

هـ.ع