سەردێڕ:

لیژنەی یاسایی پەرلەمان: هەفتەی داهاتوو دەنگ بە کاندیدانی سەرۆکی هەرێم دەدرێت

فۆتۆ: 
2019-05-22

1036 جار خوێندراوەتەوە

بڕیاردەری لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی کوردستان بۆ دەنگدان بە کاندیدی سەرۆکی هەرێم کۆدەبێتەوە.

جەلال محەمەد بڕیاردەری لیژنەی یاسای پەرلەمانی کوردستان بە دیجیتاڵ میدیای  ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە ئەمڕۆوە سێ ڕۆژ لە بەردەم سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستاندایە بۆ دیاریکردنی ڕۆژێک بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان کە تیایدا دەنگ لەسەر کاندیدانی سەرۆکی هەرێم دەدرێت.

وتیشی، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان کۆبوونەوەی ئاسایی لە ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممەدایە، بۆیە پێدەچێت سەرۆکایەتی پەرلەمان ڕۆژی سێشەممە یان چوارشەممەی هەفتەی داهاتوو دیاریبکات بۆ دەنگدان لەسەر کاندیدی سەرۆکی هەرێم.

جەلال محەمەد ئاماژەی بەوەشکرد، دوای هەڵبژاردنی کاندیدی سەرکەوتوو، سەرۆکایەتی پەرلەمان ڕۆژێکی تر دیاریدەکات بۆ ئەوەی لە مەراسمێکی تایبەتدا سوێندخواردنی سەرۆکی هەرێم بەڕێوەبچێت.

ڕۆژی ١٩ی ئەم مانگە سەرۆکایەتی پەرلەمان ناوی پێنج کاندیدی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم ڕاگەیاند کە مەرجی کاندیدبوونیان تێدایە، کە بریتین لە نێچیرڤان بارزانی و رێبوار خۆشناو و ئومێد عەبدولسەلام و محەمەد حەمەساڵح و هیوا عەبدوڵا.

ڕۆژى ١٢ى ئەم مانگە سەرۆکایەتی پەرلەمان دەرگاى خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستى سەرۆکى هەرێم کردەوە و ڕۆژی ١٥ی مانگیش، ماوەی خۆکاندیدکردنی داخست، کە هەشت کەس خۆیان بۆ ئەو پۆستە کاندیکردبوو.

هـ.ع