سەردێڕ:

نەتەوە یەکگرتووەکان: پێدەچێت مانگی داهاتوو حکومەتی هەرێم پێکبهێنرێت

ئەنجومەنى ئاسایش دۆخى هەرێمى کوردستانى تاوتوێکرد
فۆتۆ: 
2019-05-22

3732 جار خوێندراوەتەوە

لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دۆخی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا و نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە عێراق ڕایگەیاند، پێدەچێت مانگی داهاتوو کابینەی نۆی حکومەتی هەرێم پێکبهێنرێت و داوای یەکخستنەوەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکانیشى کرد.

جێنین هێنس لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشدا ئاماژەی بەوە کرد، خۆشحاڵن بە ڕێکەوتنی لایەنە کوردییەکان بۆ پێكهێنانی کابینەی نوێ حکومەت و پێدەچێت لە مانگی داهاتوودا کابینەی نۆی حکومەت پێکبهێندرێت.

 وتیشی،  پێویستە چاکسازی لە کەرتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکاندا بکرێت و ئەمریکاش پشتیوانی یەکگرتنەوەی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە دەکات.

 باسی لەوەشکرد، تا ئێستا داعش لە چەندین ناوچەی عێراقدا چالاکى دەکات و بە پێویستى زانى حکومەتی عێراق بەردەوامبێت لە هەوڵەکانی بۆ کۆتایهێنان بە داعش، ئەمریکاش هاوکاری بەردەوامی حکومەتی عێراق دەبێت.

 سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ڕابردووی باشور و ناوەڕاستی عێراقیش، جێنین هێنس ئاماژەى بەوەشکرد، هێشتا کاریگەری خۆپیشاندانەکان ماوە وئەگەری سەرهەڵدانەوەشیان هەیە، بەڵام لە ئێستادا عێراق لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئاستێکی بەرزی هەیە و دەکرێت ببێتە ناوچەیەکی سەقامگیر و دەشکرێت ببێتە گۆڕەپانی جەنگ.

 هەر لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ئەمریکا پشتگیری سەقامگیری عێراق دەکات و داواش لە حکومەتی عێراق دەکات بە زوویی پۆستە بەتاڵەکانی کابینەی حکومەت پڕ بکاتەوە و چارەسەری کێشەکان بکات.

هاوکات ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە کۆی دەنگ پێشنیازێکی ئەمریکای پەسەندکرد بە درێژکردنەوەی وادەی کارکردنی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ناسراو بە یۆنامى.

 بەپێی بڕیارەکەش کاری نێردەکە بۆ ساڵێکی تر و تا ڕۆژی ٣١ ی ئایاری ساڵی ٢٠٢٠ درێژدەکرێتەوە بۆ ئەوەی ڕۆڵی زیاتر لە یارمەتیدانی عێراق بگێڕێت.

ئ.ر