سەردێڕ:

لیژنەی رۆشنبیریی پەرلەمان بەدواداچون بۆ تەشویش خستنەسەر ئێن ئاڕ تی دەكات

فۆتۆ: 
2019-05-22

1617 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی لیژنەی رۆشنبیریی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، سبەی بەدواداچوون بۆ تەشویش خستنەسەر سەر ئێن ئاڕ تی دەکەن. 

مەم بورهان قانع لە فەیسبووکی خۆی بڵاوی کردووەتەوە، "لە بەدواداچونێكمدا وەكو ئەندامێكی پەرلەمان لە فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ و ئەندامی لیژنەی "رۆشنبیریی و كۆمەڵگای مەدەنیی و وەرزش و لاوان" لە پەرلەمانی كوردستان، سەبارەت بەو "تەشویش"ەی لە ئێوارەی ئەمڕۆوە خراوەتە سەر كەناڵی NRT، ئەمشەو لەگەڵ هاوكارم "لوقمان وەردی" سەرۆكی لیژنەكە، تاوتوێی ئەم پرسەمان كرد، كە دژی بنەماكانی "یاسای رۆژنامەگەریی لە كوردستان"ە و لە لایەن پەرلەمانی كوردستانەوە دەرچووە، كە تێیدا ئازادیی كاری مێدیایی و پەخش و بڵاوكردنەوە دەستەبەركراوە، سەرەڕای ئەوەی ئەمجۆرە تەشویشخستنە بۆ سەر كەناڵێكی مێدیایی، دژ بە پرەنسیپەكانی ئازادیی كاری مێدیاییە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "لەمبارەیەوە، لەگەڵ سەرۆكی لیژنەی رۆشنبیریی و كۆمەڵگای مەدەنیی و وەرزش و لاوان لە پەرلەمانی كوردستان، رێكەوتین كە سبەینێ‌ لەگەڵ وەزیری رۆشنبیریی و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان قسەبكات و حكومەتیش بەدواداچون بۆ ئەم پرسە بكات و  رێگریی بكرێت لە دوبارەبونەوەی و نابێت رێگریی لە پەخشی هیچ كەناڵێكی مێدیایی لە كوردستان دا بكرێت، وەكچۆن لە چوارچێوەی یاسادا، رێوشوێنەكانی پەخش و بڵاوكردنەوە دەستەبەركراون."

ڕاشیگەیاندووە،" بەدواداچونەكانمان لەمبارەیەوە بەردەوام دەبێت."
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە کاتژمێر 6:30 ئێوارەی دوێنێوە لە سەرچاوەیەکی نادیارەوە تەشویش خراوەتە سەر پەخشی کەناڵەکانی ئێن ئاڕ تی و ئێن ئاڕ تی دوو و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.