سەردێڕ:

ئەمریکا: ئەگەری هێرشی ئێرانمان بۆ سەر هێزەکانمان ڕاگرت

فۆتۆ: 
2019-05-22

5861 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا "پنتاگۆن" ڕایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەگەری هێرشەکانی ئێرانیان بۆسەر هێزەکانیان لە ناوچەکە ڕاگرتووە، بەڵام هێشتا هەڕەشەکان لەلایەن تارانەوە لە ئاستێکی بەرزدایە.

پاتریک شاناهان وەزیری بەرگری ئەمریکا بە وەکالەت لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ سێشەممە (٢١ی ئایاری ٢٠١٩) ڕایگەیاند "حسابمان بۆ هەنگاوەکانمان کردووە، بەو هۆیەشەوە ئەگەری هێرشی ئێرانمان بۆ سەر ئەمریکییەکان لە ناوچەکە ڕاگرت، ئەو بابەتەش گرنگیەکی گەورەی هەیە بەلای ئێمەوە".

شاناهان ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستاش هەڕەشەکانی ئێران لە ئاستێکی بەرزدایە، ئەرکی ئەوان جەختیکردنەوەیە لەوەی پێویستە ئێرانییەکان بە خراپ بابەتەکە لێکنەدەنەوە.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا وەزیری بەرگری ئەمریکا بە وەکالەت ڕوونیکردەوە، هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەی کەنداو بۆ ئەوە لەوێ نین کە بچنە جەنگەوە لەگەڵ ئێراندا.

ئەو وتانەی وەزیری بەرگری ئەمریکا بە وەکالەت لە کاتێکدایە، مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری دایە ئێران لەوەی لە پشت هاوکار و بەرەی هاوپەیمانە ناوچەییەکانییەوە خۆی حەشاربدات.

 

کەناڵی جەزیرە لە زاری پۆمپیۆوە بڵاویکردەوە، تا ئێستا نەگەیشتوونەتە ڕاستییەکی یەکلاکەرەوە بۆ دیاریکردنی ئەوانەی لە پشت هێرشەکانی ئەم دواییەوەن، کە ئەگەری زۆر هەیە ئێران بێت.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جارێکی تر هۆشداری دایەوە بە ئێران لە خۆخەشاردان لە پشت هاوکار و هاوپەیمانەکانییەوە، چونکە هەر هێرشێک بکرێتە سەر بەرژەوەندییەکانیان لە لایەن ئێرانەوە، بەشێوەیەکی گونجاو وەڵام دەدرێتەوە.

هەرچەندە لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابروودا هەریەکە لە واشنتۆن و تاران لەسەر زاری لێپرسراوە باڵاکانیان هەڕەشەی زۆریان لە یەکتر کرد، بەڵام دواتر کەمێک لە زبری لێدوانەکان کشانەوە و هەردوولا جەختیانکردەوە جەنگ روو نادات.

ع.م