سەردێڕ:

لیژنەی دارایی پەرمانی عێراق: ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم پێچەوانەی یاسای بودجەیە

فۆتۆ: 
2019-05-21

5702 جار خوێندراوەتەوە

لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق جەختیکردەوە، بەردەوام بوون لە ناردنی موچە و شایستە داراییەکان بۆ هەرێمی کوردستان پێچەوانەی دەستورە و دواشیکردووە ناکۆکییەکان لەڕێگەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا چارەسەر بکرێت.

فەرمانگەی ڕاگەیاندن لە پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ سێشەممە (٢١ی ئایاری ٢٠١٩) ڕایگەیاند "لیژنەی دارایی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بە  سەرۆکایەتی هەیسەم جبوری لەگەڵ هەردوو وەزیری دارایی  و بازرگانی، گفتوگۆکراوە سەبارەت بە فرۆشی نەوتی هەناردەکراوی هەرێمی کوردستان و مادەی ١٠ی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٩ و شایستە داراییەکانی جوتیارانی کوردستان و بابەتەکانی فۆرمی خۆراک.

لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێوەبەرە گشتییەکانی هەردوو وەزارەتی دارایی و بازرگانی و بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" و ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران ئامادە بوون.

لە کۆبوونەوەکەدا فوئاد حسین وەزیری درایی عێراق ڕایگەیاندووە، سەرجەم ئەو پارانەی کە خراونەتە سەر حسابی هەرێمی کوردستان و ڕەوانە کراوە، بە گوێرەی گفتوگۆکان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی پێشوو ئەنجامدراوە، کە ڕێژەی زیادکراوە هەروەک چۆن لە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٩دا هاتووە.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا لیژنەی دارایی داوای لە وەزارەتی دارایی کردووە ڕێز لە مادەی ١٠ی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٩ بگرێت، جەختیشکراوەتەوە لەوەی وەزارەتی دارایی پێشێلکاری جێبەجێکردنی مادەکەی کردووە کاتێک بەردەوام بووە لەسەر خەرجکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، کە ئەوەش پێچەوانەی ئەو مادەیەی یاسای بودجەیە.

ڕوونیشکردووەتەوە، لیژنەکە پشتیوانی دیدارێکی لەگەڵ  سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی درایی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی کردووە، بە مەبەستی گفتوگۆ کردن سەبارەت بە بابەتی هەناردەکردنی نەوتی هەریمی کوردستان و بودجەی فەرمانبەرانی هەرێم.

ئەوەش لە کاتێکدایە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا حکومەتی عێراق موچەی چوار مانگی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی ڕەوانەکردووە، بەڵام حکومەتی هەرێم تەنها دوو موچەی دابەشکردووە، بێ ئەوەی هیچ بڕە نەوتێکیش لە لایەن هەرێمەوە ڕادەستی بەغدا بکرێت.

ع.م