سەردێڕ:

بەهۆی داڵدانیانەوە لە لایەن دەسەڵاتەوە زۆربەی تۆمەتبارە گەورەکان دەستگیر نەکراون

فۆتۆ: 
2019-05-21

985 جار خوێندراوەتەوە

لە هەرێمی کوردستاندا زۆرینەی ئەو بەرپرسە حکومی و حزبیانەی کە لەسەر دۆسیە جیاوازەکان تۆمەتبارن و لە دادگا داواکراون، تا ئێستا نەچوونەتە بەردەم دادوەر بۆ لێکۆڵینەوە، هەندێکیشیان هەرچەندە فەرمانی گرتنیان بۆ دەرچووە، بەڵام فەرمانەکەیان بەسەردا جێبەجێنەکراوە، بەشێک لە یاسا ناسانیش هۆکارەکەی دەگێڕنەوە بۆ بوونی هەژموونی حزبیی بەسەر دادگاکاندا.

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێم، دوو هەزار و ٢٠٠ کەس سەرباری دەرچوونی فەرمانی دەستگیرکردنیان، بەهۆکاری جیاجیا نەتوانراوە دەستگیربکرێن، داڵدەدانیشیان لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی هەولێر و سلێمانییەوە بووەتە لەمپەر لە بەردەم سەروەربوونی یاسادا.

سەرباری فەرامۆشکردنی بڕیارەکانی دادگا، دیزە بەدەرخۆنەکردنی دۆسیە گرنگ و هەستیارەکانیش یەکێکیترە لە نەریتە باوەکانی حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم و دەربازکردنی بەرپرسان لە ڕووداوەکان.

دۆسیەی بازرگانیی نەوت لەگەڵ داعش، یەکێک لەو پرسانە بوو کە بەچاودێریی ئەمریکا و مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی ئەو کاتە لیژنەی لێکۆڵینەوەی لەسەر پێکهێنرا، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی،  هیچ ئەنجامێک لەلایەن لیژنەكەوە ئاشکرانەکراوە، و پرسەكە دواخراوە.

دۆسیەیەکی تری یەکلایینەکراو ڕووداوەکانی ١٦ى ئۆکتۆبەر لە ناوچە جێناکۆکەکان و لەدەستدانی لەسەدا ٥١ی خاکی کوردستانە، لەم دۆسێیەدا هێشتا دیوى پشتەوەى ڕووداوەکە ئاشکرانەکراوە و ڕێگەش نەدراوە، تائێستا پەرلەمانی کوردستان و دادگاکان لێکۆڵینەوە لەو پرسە نیشتیمانییە بکەن وکەسیش دەستگیرنەکراوە.

لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ شنگال و دەوروبەری لەماوەی کەمتر لە دوو کاتژمێر و بەبێ بەرگریی، لەلایەن هێزێکی پێشمەرگەوە چۆڵکرا و کەوتە دەست داعش، ئێستاشی لەگەڵدا بێت، هیچ کەس و لایەنێک لەسەر ئەو پرسە دادگایی نەکراو سزانەدرا.

هەروەها دۆسیەی کوشتنی ڕۆژنامەنوسان و هێرش و پەلاماردانیان، یەکێکی ترە لە دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی دادگاکان و تائێستا هیچ بەرپرسێکیان لەسەر سزا نەدراوە، لەکاتێکدا بە فەرمانی ڕاستەوخۆی ئەوان پێشێلکارییان بەرامبەر دەکرێت.

سەروەر نەبوونی دەسەڵاتی دادوەریی و دەستوەردانی ڕاستەوخۆی بەرپرسان لەکاروبارەکانیان، بەجۆرێک لەسەر دادوەران قورس بووە، کە نەتوانن بە باشی کاروبارەکانیان ڕاپەڕێنن، بەو هۆیەشەوە لە ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨، لەتیف شێخ مستەفا سەرۆکى دادگاى نەوجەوانانى سلێمانى و ئەندامى دادگاى تێهەڵچوونەوە، دەستی لەکارکێشایەوە.

ئەو نمونانەی پێشێلکردنی سەروەریی یاسا لە کاتێکدایە، بەپێی یاسای ژمارە ٢٣ی ساڵی ٢٠٠٧ى پەرلەمانی كوردستان، دەسەڵاتی دادوەریی لە هەرێم سەربەخۆیە و دادگاکان دەسەڵاتیان بەسەر هەموو کەسێکدا هەیە، بەڵام پێشێلکارییەکان شکۆی دامەزراوە شەرعیی و دادوەرییەکانیان خستووەتە ژێر پرسیارەوە.