سەردێڕ:

دامەزراوەی میدیایی نالیا: سەرچاوەی تەشویشەکەی سەر ئێن ئاڕ تی لە سلێمانییەوەیە

لە ئێوارەوە تا ئێستاش بەردەوامە
فۆتۆ: 
2019-05-21

5703 جار خوێندراوەتەوە

ئاوات عەلی سەرۆکی دامەزراوەی میدیایی نالیا ، سەبارەت بەو تەشویشەی کە کراوەتە سەر ئێن ئاڕ تی ڕایگەیاند، هیوادارن ئەو کەس و لایەنانەی بەرگری لە دەنگی ئازاد دەکەن، لەسەر ئەو پێشێلکارییە زەق و ئاشکرایە دژی ئێن ئاڕ تی بێنە دەنگ.

ئاوات عەلی ئاماژەی بەوەشکردووە، بەگوێرەی بەدواچوونەکانی کۆمپانیای دابینکەری پەخشی ئێن ئاڕ تی، سەرچاوەی تەشویشەکە لە شاری سلێمانییەوەیە.

ئەوەش لە کاتێکدایە لە کاتژمێر ٦:٣٠ ئێوارەى ئەمڕۆوە لە سەرچاوەیەکى نادیارەوە تەشویش خراوەتە سەر پەخشى ئێن ئاڕ تى و تا ئێستاش بەردەوامە.

هاوکات هەریەکە لە شوان محەمەد و نیاز عەبدوڵای ڕۆژنامەنوس ڕایانگەیاند، تەشویش خستنە  سەر کەناڵی ئێن ئاڕ تی کارێکی نایاساییە و نائەخلاقییە و هەر کەسێک بیکات دیارە دەسەڵاتی لە حکومەت زیاترە .

شوان محەمەد ڕۆژنامەنوس لە فەیسبووکی خۆی ڕایگەیاند، "هەرکێ و هەر لایەنێک تشویش بخاتە سەر هەر کەناڵێک کە مۆڵەتی فەرمی هەبێت بە  NRT یشەوە، کارێکی نایاسایی و نا ئەخلاقیە..ئەو لایەن و دەزگایەی ئەو کارە ش دەکات دیارە دەسەڵاتی لەسەروو حکومەت و پەرلەمان و دەزگا فەرمیەکانی هەرێمەوەیە بۆیە ئەو دەسەڵاتە دەدات بەخۆی کە نایاسایی و بێباکانە ئەو کارە بکات".

نیاز عەبدوڵای ڕۆژنامەنوسیش ڕایگەیاندووە، "تەشویش خستنە سەر کەناڵی NRT و لەمپەر دروست کردن لەپێش کارە ڕۆژنامەوانییەکانی، درێژکراوەی ئەو کارە نایاسایی و نائەخلاقیەیە کە ساڵانێکی دوورودێژە بەناوی "سەرچاوەی نادیار" خراوەتە سەر کەناڵە ئۆپۆزسیۆنەکان و سەربەخۆکان لە ھەرێمی کوردستان".

ئەوەشی وتووە "جگە لە ھێرشی ڕاستەوخۆ و دەستدرێژی و تیرۆری ڕۆژنامەنووسان، پێشتریش تەشویش خراوەتە سەر KNN و NRT و ژمارەیەک ڕادیۆ، ھاوکات ھەوڵی ھاککردنی ماڵپەڕە ڕۆژنامەوانییە سەربەخۆکانی وەک ئاوێنە و ھاووڵاتی و ڕادیۆی نەوا و چەند شوێنێکی تر دراوە".

ع.م