سەردێڕ:

​داعش داواى زەکات لە گوندنشینە کوردەکانى سنورى کەرکوک دەکات

فۆتۆ: 
2019-05-21

1088 جار خوێندراوەتەوە

عەلی جوتیارێکی گوندی پەڵکانەی سنوری ناحیەی سەرگەڕانە، ئەمساڵ نزیکەی ٦٠ دۆنم زەوی بە گەنم چاندووە، بەڵام لە ئێستادا ڕێگە نادرێت دروێنەی بکات و مەترسی ئەوەی هەیە ڕەنجی ئەمساڵی لەناوبچێت.

جگە لەوەی جوتیارانی کورد لە سنوری مەخمور و قەراج و سەرگەڕان داوای سەرانەیان لێکراوە، لەلایەن چەکدارانی داعشیشەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئاگر بەردرایە بەشێک لە زەوییەکانیان و زیانیان بەرکەوت، حکومەتی عێراقیش دەستیگرتووە بەسەر چەند دەڕاسەیەکی جوتیارەکاندا و ڕێگرییان لێدەکات بەرهەمەکانیان دروێنە بکەن، جوتیارەکانیش هێزە ئەمنییەکان بە بەرپرسیار دەزانن لە پاراستنی بەرهەمەکانیان.

جوتیارانی ناوچە جێناکۆکەکان یاداشتێکیان دایە پەرلەمانی کوردستان و داوایانکرد، حکومەتی هەرێم بەهانایانەوە بچێت بۆ ڕاگرتنی ئەو کارانەی بەرامبەریان دەکرێت، تائێستاش حکومەتەکانی هەرێم و عێراق، بەفەرمی هیچ هەڵوێستێکیان نەبووە.

یەکێتی جوتیارانی کوردستانیش ئەو ڕێژە گەنمەی ئەمساڵ لە جوتیاران وەردەگیرێت بە کەمی دەزانێت، چونکە ئەمساڵ پێشبینی دەکرێت ڕێژەی بەرهەمی گەنمی هەرێم بگاتە نزیکەی یەک ملیۆن تەن، هاوکات داواشیانکرد، ڕێگری بکرێت لە زیانگەیاندن بە جوتیارانی ناوچە جێناکۆکەکان.

جگە لەو زیانانەی بەر بەروبوومە کشتوکاڵییەکانیان کەوتووە، جوتیارانی ناوچە جێناکۆکەکان بەهۆی جموجۆڵی چەکدارانی داعشەوە مەترسیش لەسەر ژیانیان هەیە.