سەردێڕ:

کۆنگرێس لە وردەکاریی ئاڵۆزییەکانى ئەمریکا و ئێران ئاگاداردەکرێتەوە

فۆتۆ: 
2019-05-21

2487 جار خوێندراوەتەوە

گەورە بەرپرسانى کۆشکى سپى، ئەمڕۆ سێشەممە دەچنە کۆنگرێس و ئەندامانى ئەنجومەنى پیران و نوێنەران لەسەر دوایین پێشهاتەکانی تایبەت بە کاروبارى ئێران ئاگاداردەکەنەوە.

ئاژانسى رۆیتەرز لە زارى ژمارەیەک یاریدەدەرى کۆنگرێسەوە ئاشکرایکرد، هەریەکە لە مایک پۆمپیۆ وەزیرى دەرەوە و پاتریک شاناهان وەزیرى بەرگرى و ژەنەراڵ جۆزیف دانفۆرد و نوێنەرێکى دەزگاى هەواڵگرى، لەسەر ئاڵۆزییەکانى نێوان ئەمریکا و ئێران زانیارى دەدەن بە ئەندامانى کۆنگرێس.

چوونى ئەم بەرپرسانەى کۆشکى سپى بۆ کۆنگرێس دواى ئەوە دێت کە کۆنگرێسمانەکان داوای زانیارییان کرد لەسەر گرژییەکانى نێوان وڵاتەکەیان و ئێران.

هۆشدارییەکەى ڕۆژى یەکشەممەی ترەمپ، ئەگەرى هەڵگیرسانى شەڕى لە نێوان ئەمریکا و ئێران زیاتر کرد کاتێک ڕایگەیاند، "ئەگەر ئێران جەنگی دەوێت، ئەوا بە فەرمى کۆتایی ئێران دەبێت" و هۆشداریشی دا بە بەرپرسانى ئەو وڵاتە کە هەرگیز جارێکى تر هەڕەشە لە ئەمریکا نەکەن.

ئ.ر