سەردێڕ:

پارێزەرى دۆسیەکەى ئاسۆس هەردی: تا ئێستا پۆلیس تۆمەتبارانی ئاگادارنەکردووەتەوە

فۆتۆ: 
2019-05-21

2166 جار خوێندراوەتەوە

پارێزەرى دۆسیەى هێرشکردنە سەر ئاسۆس هەردی ڕایگەیاند، تا ئێستا پۆلیس تۆمەتبارانى دۆسیەکە ئاگادارناکاتەوە و بەو هۆیەشەوە جارێکى دیکە دۆسیەکە دواخرا.

کارزان فازڵ پارێزەرى دۆسیەى هێرشکردنە سەر ئاسۆس هەردی لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەری ئاوێنە ئاماژەى بەوە کردووە، ئەمڕۆ سێشەممە جارێكی دیكە دۆسیەی دادگاییكردنی تۆمەتباران دواخرا و تا ئێستاش پۆلیس تۆمەتباران ئاگادارناکاتەوە کە كەسانی دیارن ‌و شوێنیشیان زانراوە.

ئەوەشى ئاشکراکردووە، "تۆمەتبارانى کەیسەکە، كە پێشمەرگەن، تا ئێستا تەبلیغ نەكراون، موفاتەحەی هێزەكانی یەكەی ٧٠ی هێزی پێشمەرگەش كراوە، كەچی پۆلیس تەبلیغی تۆمەتبارەكان ناكەن."

ڕوونیشیکردووەتەوە، "ناو و شوێنی تۆمەتبارەكان زۆر دیار ‌و ئاشكران و پۆلیسی سلێمانی هەڵناسێت بە ئاگاداركردنەوەی تۆمەتبارانی هێرشكردنەكە کە ڕووداوەكە دەگەڕێتەوە و هەموو جارێك بە بیانوی ئاگادارنەكردنەوەی تۆمەتبارەكان دادگاییەكە دوادەخرێت."

لە ساڵى ٢٠١١ و ماوەیەک دواى بڵاوەپێکردنى خۆپیشاندانەکانى ١٧ى شوبات، لەلایەن چەند کەسێکەوە هێرشکرایە سەر ڕۆژنامەنووس ئاسۆس هەردى، کە ئەوکاتە سەرنووسەرى ڕۆژنامەى ئاوێنە بوو.

ئ.ر