سەردێڕ:

فڕۆکەیەک بە خێرایی سەروو دەنگ دروستدەکرێت

فۆتۆ: 
2019-05-21

9113 جار خوێندراوەتەوە

کۆمپانیای Hermeuی ئەمریکی پرۆژەیەکی نوێی بۆ دروستکردنی فڕۆکە بە خێراییەک کە لەسەرووی دەنگەوە بێت خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بە جۆرێک فڕۆکەکە گەشتی نێوان شاری نیویۆرک و لەندەن لە ٧ کاتژمێرەوە بۆ تەنها ٩٠ خولەک کەمدەکاتەوە.

کۆمپانیاکە ڕایگەیاندووە، کاردەکات بۆ گەشەپێدان بە فڕۆکەکان، بۆئەوەی بتوانن بە خێرایی ٣ هەزار میل (٤٨٢٨ کیلۆمەتر) لە کاتژمێرێکدا ببڕن.

ڤینۆد خۆسلا خاوەنی کۆمپانیای (خۆسلا ڤێنتەرز) کە پشتیوانیی دارایی پرۆژەکەی دەکات باسی لەوە کردووە، سوودی پرۆژەکە تەنها ئەوە نییە کە کاتێکی زۆر بۆ گەشتیاران دەگەڕێنێتەوە، بەڵکو لە لایەنی ئابوریشەوە پرۆژەکە کاردانەوەی باشی دەبێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، پرۆژەکە هاوکارێکی باش دەبێت بۆ ئەو گەشتیارانەی دەیانەوێت بە ماوەیەکی کەم بگەنە ئەو شوێنانەی دەیانەوێت.

کۆمپانیاکە زانیاریی زیاتری دەربارەی تایبەتمەندییەکانی فڕۆکەکە ئاشکرا نەکردووە، لەکاتێکدا چەند کۆمپانیایەکی تریش پرۆژەی دروستکردنی فڕۆکەی سەروو خێرایی دەنگیان دەستپێکردووە. کۆمپانیای بۆینگ ئاشکرایکردووە، پرۆژەیەکیان ئامادەکردووە بۆ دروستکردنی فڕۆکەیەک کە بتوانێت ٦١٢٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا ببڕێت.

هەروەها ئاژانسی ناسا گرێبەستێکی بە بەهای ٢٤١.٥ ملیۆن دۆلار لەگەڵ کۆمپانیای (لۆکهید مارتن) واژۆکردووە بۆ دروستکردنی فڕۆکەیەک بە خێرای سەروو دەنگ، کە بۆ ساڵی ٢٠٢٢ ئامادە دەکرێت.

هـ.ع